سلوکی تەشەنەکردنی کورۆنا

هونەر تۆفیق
  2020-03-13     826
لەڕاستیدا قسەکردن لەسەر دیاردەیەکی تەندروستی ئیشی پزیشکی پسپۆڕ و تایبەتمەندە. بەڵام ئێمە بۆ بەرچاوڕوونی کۆمەڵگەو هاندانی خەڵک بۆ خۆپارێزی، دیاردە کۆمەڵایەتیەکانیمان بەلاوە گرنگە تا ببێتە تەواوکاری ئەرکە پزیشکیەکەو ئەوەی بەسەر وڵاتانی دیکەدا هاتوون بەهۆی خەمساردیەوە، لەو ئەزموونانەوە بەسەر ئێمەشدا نەیەت.

سایتی worldometer لە ١٥ ی شوباتەوە تۆماری توشبووەکانی لەهەموو وڵاتەکاندا داتادەکات، تۆماری داتای ڕیزبەندی یەکەم هەشت وڵات وردتر بڵاودەکاتەوە. لەڕێگای ئەو داتایانەوە سلوکی تەشەنکردن و بڵاوبوونەوەکە دەزانرێت کە لەیەکەم تۆمارەوە تا کاتی لەدەستدەرچوونی چۆنە و کەی ڕووئەدات.

بەپێی داتاکان لەنێوان رۆژی یەکەمی تۆمارکردنەکە کە چەند کەسێکی کەمێکی توشبوون تا رۆژی هەڵکشانە زۆرە لەدەست دەرچووەکان نزیکەی بیست رۆژە. وەک ئەڵمانیا، ئیتالیا، ئیسپانیا، دانمارک. لەپاش بیست رۆژەکە ژمارەی تۆمارەی توشبووەکان لەپڕێکدا هەڵدەکشێن بۆ زیادەی رۆژانە دووبەرابەرو سێ بەرانبەر بەرۆژی ڕابردو. واتە لە سەد بۆ دوسەد، دووسەد بۆ چوارسەد ، جوارسەد بۆ هەشت سەد .. هتد . بەپێی بەرزبونەوەی رۆژانی هەڵکشانەکان، شڵەژانی حکومەتەکان لەمیدیاکانەوە دەبینرێت. لەبەر ئەوەی من کچەکەم لەدانیمارک دەژی، وردتر متابەعەی وڵاتی دانیمارکم دەکرد. تا سێ هەفتەی یەکەم ئەو تۆمارەی لە دانیمارکدا داتاکردبوو گۆڕانکاری بەسەردا نەدەهات. لەچوار ڕۆژی دوایدا لەپڕێکدا ئەو ژمارەیە بەرزبوویەوە بۆ رۆژانە سەدان تۆماری زیاتر. 

لەو سێ هەفتەیەدا حکومەت هەڵمەتی خۆپارێزیەکەی دەست پێنەکردبوو، پێیانوابو ژمارەی توشبووان هەر ئەو چەند کەسەیە لەژێرکۆنترۆڵدایە. بەڵام دواتر لەسلوکی تەشەنەکردنەکە تێگەیشتن کە تۆماری چەند کەسی یەکەم مانای ڕاوەستان و لەژێر کۆنترۆڵ بوندا ناگەیەنێت، بەڵکە مانای هاتنی شەپۆلی دووەم و سێهەم دەکات بەڕێژەی سەد بەرانبەری شەپۆلە بچوکەکەی یەکەم.

کاتێک داتاکان بەراورد دەکرێت لەگەڵ داتاکانی چین، حکومەتەکان ناچار دەکات وەک ئەزموونی چین ڕێکاری نەک داخستن و کەرەنتینەکردن بەڵکە جوڵەبرێن (منع تجول) بگرێتە بەر وەک ئەوەی ئیتالیا کە دواجار ناچاربوو ئەویش جوڵەکردن ڕابگرێت. باجی ڕاگرتنی جوڵەکردن لە ڕووی ئابووریەوە قورس دەبێت بەسەر وڵاتەوە، بەڵام باشترە لە شێواوی شڵەژان و باجی تەندروستی، تەنیا چارەسەریشە بۆ تێکدانی سلوکی بڵاوبونەوەی پەتاکە.

بەسوپاسەوە ئەوەی تەندروستی سلێمانی ئەنجامی داوە چەند هەنگاوێک لەپێش لە وڵاتانی ئەڵمانیاو دانیمارکەوەیە. بەپێ ی ئەزموونی چۆنیەتی بڵاوبونەوەکان ئێمە لەکۆتایی شەپۆلی دوو هەفتەی یەکەمداین کە دواتر شەپۆلە قورسەکانی بەدوادادێت. دەبێت تەندروستی سلێمانی دەستەڵاتی ڕاگرتنی جوڵەی لەبەردەستدا بێت‌و کۆمەڵگەش ئامادەیی قبوڵکردنی رۆژانی (منع تجول)ی هەبێت کە تەنیا چارەسەری بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەبڕینی سلوکی بڵاوبوونەوەکەی دەکرێت، دەبێت هەموومان هاوکارو گوێڕایەڵی ڕێنماییە تەندروستیەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی بین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×