سەیرە!

هاوژین عومەر
  2020-04-28     759
دەسەڵاتدارانی ھەرێم نەتەحەدداکانیان تەحەدداکردنی ئاسایین، نەتەنازولکردنەکانیشیان تەنازولکردنی ئاسایی‌و شکۆدارانەن!

دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان لەدوای دەرچوونی بڕیاری خەرجنەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، شپرزییەکی زۆر گەورە ڕووی تێکردوون، ئامادەن ئەوپەڕی تەنازول بۆ بەغدا بکەن، نەک (٢٥٠) ھەزار بەرمیل، بەڵکو ئامادەییان نیشانداوە تەواوی نەوتی ھەناردەکراوی ھەرێم ڕادەست بکەن!

سەیرە؛ دەسەڵاتدارانی ھەرێم ھەمیشە لە ڕووبەڕووبوونەوە و قۆناغە ھەستیارەکاندا، زۆر بێشکۆ خۆیان نمایش دەکەن.. بەیەک نووسراوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، پێچەوانەی ھەموو تەحەدداکردن و بانگەشەکانی ڕابردووی خۆیان وەستانەوە، ئەم دەسەڵاتە نە تەحەدداکانی تەحەدداکردنی ئاسایین، نەتەنازولکردنەکانیشیان تەنازولی ئاسایی و شکۆدارانەن، کاتی خۆشی لە پێش و پاشی ریفراندۆم ھەروایان کرد!

ئەگەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم ئەم رۆژانەیان بیر بوایە و دەوڵەتدارانە کاریان بکردایە و خەمێکیان لە داھاتووی خەڵک بخواردایە، دەیانتوانی لە خەزێنەی حکومەتدا بڕێک پارەی یەدەگ بۆ ئەم ڕۆژانە ھەڵبگرن و لە ھاتنەپێشی بابەتێکی وەھادا، لەبری تەنازولکردنی بێشکۆیانە، دەیان توانی چەند مانگێک خۆیان بگرن و مووچەی خۆیان دابەش بکەن، دواتر و پاش پێکھاتنی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، ئەوکات دەیان توانی بچنە بەغدا و ڕێککەوتنێکی یەکجارەکی و شکۆدارانەیان بکردایە، نەک وەکو ئێستا ئامادەی تەنازولکردن بن بۆ حکومەتێک، کە خۆی لە خۆیدا کاربەڕێکەر و لەکەدارە و چەن ڕۆژێکی کەمی تەمەنی ماوە!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×