پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
خۆ لە قەرەدانی پەیڤی هەڵە، کە بە ڕواڵەت پەیڤێکی نەخوازراو، ناخۆشەویست و نابەهامەندە، دەرهاویشتەی عەقڵە و ناڕاست دەگەیێنێت و ئاماژەشە بۆ شتێکی درۆ،کە خۆی وەک دروست نمایشدەکات. بەمجۆرەبێت، هەڵەکردن سەیر نییە و دیاردەیەکی مرۆییە و زەوییەکی بەپیتیشە بۆ دیاریکردنی راستی. لەبەرئەوە شۆربوونەوە بۆناو پەیڤی هەڵە بەرەو ئەو دیتنەماندەبات، کە لەگەڵ دەرکەوتنی مرۆڤ هەڵە ڕۆچووەتە نێو ژیان و لەگەڵ رەفتار،کردە و بیرکردنەوەکانی ئەم مرۆڤەش دەستەمۆبووە.
گەر ترس لە هەڵەكردن بوونی هەبێت زانین لەدایکنابێت. هەرلەبەرئەوەی نەزانیین هەیە ماف بۆ هەڵەکردن بە هەڵە دانانرێت. بۆیە نیچە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات""هەڵە پێویستییە بۆ خودی بوونی مرۆڤ(ئاخر ژیان لە هەڵەدا دادەمەزرێت و بەهێزیشدەبێت). هەڵە تەنها ئامراز نییە بۆ پاراستنی فۆرمێکی دیاریکراوی ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، هەڵە خودی شێوازی بوونی ژیانە"".
بەپێی ئەوە بێت لایسەرەوە باسکرا، بۆئەوەی بزانیین هەڵە چییە پێویستمان بەوەیە بزانیین راستی چییە؟ ئایا راستی و هەڵە دژە جەمسەری یەکن؟باشە هەڵە وەک راستی بەرهەمی عەقڵە؟ کاتێک هەڵەیەکدەکەین بەو هەڵەیە خراپەیەکیش ناکەین؟ ئەی پەیڤی هەڵە ناچێتە خانەی رەوشتەوە؟ هەڵەکارەکان بێ ئاکارن یان هەڵە دوورە لە ئاکاراوە؟ ئەوانەی خولیای هەڵەن ناساغن؟هەڵە دیاردەیەکی مێتافیزیکییە؟مەبەست: بوونی یەزدان پەیوەندی بە هەڵەکانمانەوە هەیە؟هەڵەکردنی زۆر پەیوەندی بە پەروەردەی خراپەوە نییە؟ هەڵە دەمامکی درۆیە؟ ئەرێنییە یان نەرێنییە؟بۆچی هەڵەی ئەوی دیکە بۆ زۆرێکمان مایەی خەفەتە؟جاوایە، کارل پۆپەر گوتەنی، تا مرۆڤ زیاتر هەڵە بکات، زانین زیاتر پەرەدەستێنێت؟
خودی پەیڤی هەڵە چییە؟ لە پەروەردەماندا واڕاهێنراوین، کە هەڵە شتێکی خراپ، نادروست، درۆ، چەواشەکار و ناتەندروستە. جا ئەوە رەفتارێک بێت، یان بیرکردنەوە یاخود گوتنێک. ئێمەی مرۆڤیش زووزوو لێرە و لەوێ رێکەوتی بۆچوون و دادوەریی و قسەی ناڕاست، نادروست و ناباش دەکەین، بە گشت وانەش دەڵێین هەڵە.
کاتێک هەڵە پڕ پڕە لە پەند، ناکرێت وەک مۆتەکە لێیبڕوانیین. سپینوزا گوتەنی، لەبەرئەوەی هەڵە دەرهاویشتەی نەزانینی زانینە بوونی نییە. ئەمە سپینوزا بەرەو ئەوە دەبات، هەڵە وەک نەزانینی راستیی ببینێت. ئەمەش وادەکات بڵێێن: هەڵە شکستبوون نییە. ئەوەتا خانمە توێژەری سویدی، کاترین فێلیکس Cathrine Felix،""هەڵەی زۆر بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەپێویست دەزانێت"". لێرەوە دەگەینە ئەو تێگەیشتنەی، کە هەڵە دیدمان دەگۆڕێت، فێربوونمان دەداتێ و ئاشناشماندەکات بە کردەی هەڵەگەرایی Fallibilism.
هەڵە هەروەک راستی بەرهەمی بیرکردنەوەی مرۆڤە. بەڵام ڕاستی و هەڵە جیاوازن. ئەو شتەی راستبێت دروست و ناهەڵەیە. هەرچی هەڵەشە ناڕاست و نادروستە. ئەوە راستە، کە A و B کوردن بەس بۆچونی A بۆ کوردایەتی هەڵەیە، دروست نییە. دەشکرێت ئەم بۆچونە هەڵەیە لە هەلومەرج یان دەمەێکی تری سیاسییدا دروستبێت. کەوابێت، بەهۆی ئەو زانینەی هەمانە دەگەینە راستی شتێک و لە هەڵەش دەربازماندەبێت. بۆچونێکیش هەیە، کە دەڵێت زانینەکانمان دەشێت بەرەو هەڵەمانببات. ئەوەتا، قەشە ئۆگەستین Augustinus دەڵێت:"" بەهۆی خراپەوە هەڵە دەناسرێتەوە، بەڵام لەمیانەی هەڵەکردنەوە مرۆڤ چاکە ناکات"".
راستە هەڵە خۆشەویست نییە، لێ ئەزموونیشە. هەڵە لە کردار و بیرکردنەوەکاندا دووبارەدەبنەوە. بەڵام هەمان نیین. دەکرێت شتێک هەڵە بێت لەبەرئەوەی کردەیەکی یان بیرکردنەوەیەکی نادادپەروەرانە و ناڕەوشتییانەیە. لێ ئەوەی هەڵە نەبێت خودی چەمکی داد و ڕەوشتە.
هەموو هەڵەدەکەین، هەیە زۆر و هەشە کەم. هەڵەی بچووک و هەڵەی گەورەش هەیە. هەڵەشدەکەین کاتێک کەسێکی هەڵە دەکەینە هاوڕێمان یان هاوسەرمان، یان سیاسەتێکی هەڵە پەسەنددەکەین. وەکیتر، هەڵە خەلەلیشە. واتە کەمییە یان کەموکوڕییە لە شتێکدا، ئەوەش وایلێدەکات ئاسایی دەرنەکەوێت. سەرباری ئەوە، هەڵە لادانە. لادانیش لە""بیرکاری و ئاماردا پێوەرێکە بۆ جیاوازی نێوان بەهایەکی ناسراوی گۆڕاوێک و بەهایەکی دیکەی دیاریکراو"". هاوکات لە ئاماردا هەڵە مانایەکیتری هەیە لەچاو هەڵەی کۆمەڵایەتیی یان سیاسیی، کە بە هۆی لادان یان نەزانینێکی کۆمەڵایەتیی یان سیاسییەوە دروستدەبێت. هەمان شت سەبارەت بە هەڵە لە كەلتورێكەوە بۆ كەلتورێكی تر راستە. چونکە نەزانینەکان لە کەلتوورە جیاکاندا هەمان نیین.
دوا دیتنمان سەبارەت بە هەڵەکردن ئەوەیە، کە نەک هەر مرۆڤ ئاژەڵێش هەڵەدەکات. بەڵام هەڵەی مرۆڤ بەرهەمی عەقڵە و بۆ بەدەستهێنانی زانیینە. نەک هەر ئەوە بگرە مرۆڤەکان توانای بینینی هەڵەکانیان هەیە و هەڵەش لە راستی جیادەکەنەوە. ئەمەو ئەگەرچی دۆخی نەگونجاو لە پشت هەڵەوە بوونی هەیە، لێ بەگشتی ویست بۆ هەڵە زۆر کەمە و ترس لە هەڵەکردن بەسەر مرۆڤدا زاڵە.
سەرنج: لە زۆربەی زمانەکاندا بۆ پەیڤی هەڵە سێ چوار پەیڤ بەکاردەبرێن. بۆنموونە لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ پەیڤی هەڵە wrong، Error ، Mistake بەکاردێت. ئەمەش گۆڕانکاری دەخاتە تێگەیشتن لە پەیڤی هەڵە لە کردار و گوتن و پلاندانان و کردنی هەڵەیەکدا.