هاوپەیمانی نوێ..دژ بە دوژمنی نوێ..!!

کامەران عەزیز
  2025-07-04     140

لە پارادایمی هەلومەرجی سیاسی ئەمڕۆی جیهاندا، ناکۆکیە سیاسیەکانی جیهان فرە جەمسەری دژبەیەکە، وە هەریەک لەم جەمسەرانە خاوەنی هاوپەیمانی و ڕێکخراو و یەکیەتی نێودەوڵەتی و ناوچەین، تا بتوانن لە رێگای ئەم هاوپەیمان و یەکیەتیە نێو دەوڵەتیانەوە ناکۆکی‌و ململانێکانیان بەرەو پێش ببەن.

هاوپەیمانی‌و یەکیەتیە (سیاسی/ئابوریە)کان لە ڕێگای ململانێی ئابوری و بازرگانی و پلانی جەنگی ناڕاستەوخۆ هەوڵ دەدەن کۆسپ و کێشە بۆ پلانەکانی یەکدی دروست بکەن تا هەژمونی یەکدی توشی قەیرانی کوشندە بکەن، بۆ ئەوەی بەرەی دژ نەتوانێت بگات بە ‌هەژمون (جیهانی). چونکە ئامانجی ریشەیی هەموو جەمسەرو هاوپەیمانەکان دەیانەوێت هەژمونی (جیهانی) بەدەستبهێنن.

هاوپەیمانە نێو دەوڵەتی و ناوچەییەکان:

 

یەکەم/هاوپەیمانی G7

گروپی (G7 )ی نێودەڵەتی لە لایەن دەوڵەتانی خاوەن ئابوری‌و پیشەسازی جیهانی هەر یەک لە( فەرەنسا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەڵمانیا و ئەمریکا) بە هۆی قەیرانی (نەوت) لەساڵی ١٩٧٣-١٩٧٤ دامەزرا، بە هاتنە ناوەوەی (کەنەدا) لە ساڵی ١٩٧٥ ناوی (G7)لێنرا.

وە دوای کۆتایی جەنگی سارد دەوڵەتی روسیاش لە ساڵی ١٩٩٨ بوە ئەندام و ناوی گروپ گۆڕدرا بە (G8) تا ساڵی ٢٠١٤، کاتێک روسیا هێرشی کردە سەر وڵاتی ئۆکرانیا و جەزیرەی (قرم)ی داگیرکرد، ڕوسیا لەم گروپە کرایە دەرەوەو دیسان ناوی گروپەکە کرایەوە بە ((G7.  کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠٢٠دا ڕەخنەی لەم ‌هەڵوێستەی گروپەکە گرتو گوتی نەدەبوا روسیا لەم گروپە بکرێتە دەرەوە..!

 

دووەم/ هاوپەیمانی BRICS

وە لە ساڵی ٢٠٠٦ گروپێکی دی نێو دەوڵەتی وەک ئەلتەرناتیڤی دژ بەدەستەڵاتی گروپی G7 بە ناوی گروپی BRIC بە بێ دەوڵەتی باشووری ئەفریقا دامەزرا، کاتێک لە ساڵی ٢٠١٠ باشووری ئەفریقا پەیوەندی پێوە کردن دواجار ناوەکە گۆڕدرا بە BRICS ئەندامە سەرەکییەکانی (BRICS)  بریتین لە:

B  بەڕازیل،

 Rڕووسیا

I هیندستان

C چین

S باشووری ئەفریقا

لە کۆبوونەوەی ساڵی (٢٠٢٣)  ٦ وڵاتی تر بانگهێشتکران بۆ پەیوەستبون بە گروپی BRICS) )ەوە، کە بریتی بون لە دەوڵەتی(میسر، ئەسوبیا، ئێران، عەرەبستانی سعوودی، میرنشین یەکگرتوی عەرەبی (ئیمارات) و ئەرجەنتین) وە لە ساڵی ٢٠٢٤ بون بە ئەندامی نێو دەوڵەتی ئەم گروپە، بەڵام هەر زوو دەوڵەتی ئەرجەنتین لەم هاوپەیمانیە کشایەوە، بە بیانوی ئەوەی ئەو ناچێتە ناو گروپی کۆمۆنیستەکانەوە..!!

گروپی نێودەوڵەتی BRICS بەرامبەر بە گروپی G7 پێکهێنرا تا ئەم گروپە نەتوانێت بە ئامانجە ئابوری سیاسی‌یە جیهانیەکانی بگات.

 

سێهەم/ پڕۆژەی ئێرۆئاسیا

پڕۆژەیەکی دی ئابوری‌و سیاسی لە بەرامبەر گروپی هاوپەیمان‌و ڕۆژئاوای یەکیەتی ئەوروپا و ئەمەریکا بە ناوی (Eur-asia) لە لایەن بیرمەندو فەیلەسوفی ڕوسی ئەلکسەندر دوگین تیۆریزە کرا، ئەم پڕۆژەیە لە لایەن سەرۆکی ڕوسیا (فلادمیر پۆتین) لە ساڵی ٢٠١٤ ڕاگەیەندرا.

ئەلێکساندەر دوگین یەکێکە لە نزیکترین ئایدۆلۆژیاکانی پشتەوەی پوتین و بە (عەقڵی پۆتین) ناودەهێنرێت، کە دەیەوێت ئیمبراتۆریای ڕوسیای نوێ بەرامبەر بە رۆژئاوا دروست بکات چونکە بڕوای وایە کە (ڕۆژئاوا ئەو خراپەیە کە ئۆرۆئاسیا دەبێ بە هەموو توانایەوە دژایەتی بکات و لەبەرامبەریدا بوەستێت..)

ئامانجەکانی سەرەکی و ستراتیژیە ئێرۆئاسیا  بریتی‌یە لە:

١/پتەوکردنی پەیوەندی ئابوری روسیاو چین لە سەر ڕێگای زێڕین(BRI).

٢/ کەمکردنەوەی پشتیوانی و سود وەرگرتن لە ئابوری ڕۆژئاوا.

٣/ گەشەپێدانی بازرگانی نێوان وڵاتانی ئێڕۆئاسیا.

٤/ بەهێزکردن و گەشەکردنی تەکنەلۆژی دەوڵەتانی نێو جوگرافیای ئێرۆئاسیا دژ بە ڕۆژئاوا. ٥/ ....هتد

 

چورەم/ هاوپەیمانی ئیبراهیمی The Abraham Alliance

وە لە بەرامبەر گروپی نێودەڵەتیBRICS  و پڕۆژەی  EUR-ASIAدا تازەترین هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بە ناوی (هاوپەیمانی ئیبراهیمی The Abraham Alliance) لەلایەن ئەمەریکاو ئیسرائیل پێکهێنرا.

پڕۆژەی فکری ئەم هاوپەیمانیە دەگەڕیتەوە بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل‌و سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا (دۆناڵد ترەمپ). لە ساڵی ٢٠٢٠ بە ئامادەبونی  ترەمپ و جێگرکەی (گارد کوشنەر) و بەشداری دەوڵەتی( ئەمەریکاو ئیسرائیل و ئیمارات و بەحرەین) ئیمزاکراو دامەزرا، دواتر دەوڵەتی (مەغریب)یش پەیوەندی کرد و بو بە ئەندام.

پڕۆژەی نێو دەوڵەتی (هاوپەیمانی ئیبراهیمی) تایبەتە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ناوەندی ململانێکانی جیهانە.

ئەم هاوپەیمانیە بنەمایەکی ئایینی هەیە، کە دەگەڕێتەوە بۆ حەزرەتی ئیبارهیم یان ئەبراهام کە باباگەورەو پێغەمبەری هاوبەشی هەرسێ لە ئایینی (ئەبراهیم)ی‌ ئاسمانی‌یە کە بریتین لە (جوولەکەو مەسیحیەت‌و ئیسلام). پێگەی (ئەبراهام/ئیبراهیم) پێگەیەکی پیرۆزو گەورەی هەیە لە هەرسێ ئایینە یەک خوداییەکەدا، کە ناسراوە بە باوکی گەورەی گەلانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.  

بەڵام هەرزوو لەلایەن دەوڵەتی ئێران و قەطەر و هەندێ وڵاتانی عەرەبی و ڕیکخراوەکانی فەلەستین بە هۆکاری (خیانەتکردن)  بە کەیسی فەلەستین و پیرۆزی موسڵمانان رەخنەی لێگیراو نەفی کرایەوە.

هاوپەیمانی ئەبراهیمی یەکێکە لە پلانی نوێ‌ی ئابوری و سیاسی لە‌ ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، ئەم پلان و پڕۆژەیە نوێ‌یە تایبەتە بە کێشە مێژووییە سیاسی‌و ئایینی‌و نەتەوەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت کێشەی سیاسی  نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و فەلەستینیەکان و وڵاتانی عەرەبی، کە نزیکەی سەدەیەکە لە شەڕو ناکۆکیدان.

ئەم هاوپەیمانیە دەیەوێت ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی ئیسرائیل و تەواوی ئەو دەوڵەتانەی کە باکگراوەندی ئایینی ئیبراهیمیان هەیە (جولەکەو مەسیحی و ئیسلام) لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و ئاسیاو ئەفەریقا بەدیبهێنن. تا لە ڕێگای ئەم ئاشتیەوە ئەم هاوپەیمانیە فراوان بکەن، ببێت بە هێزێکی گەورەی ناوچەیی دژ بە (دوژمنی نوێ) کە ئایینی کۆنفۆشیۆس و بودی‌و وڵاتی چینە..!

ئەم هاوپەیمانیە دەیانەوێت زۆر بە خێرایی (پرۆسەی ئاشتەوایی)و چالاکی دیپلۆماسی و ئابوری و سیاسی و تەکنەلۆژی و پیشەسازی و کولتوری دەست پێبکەن تا بتوانن بەم ئامانجە کاتی ‌و تاکتیکیانەی خوارەوە بگەن:

١/ دروستبونی کێشەی گەورە بە تایبەت بۆ گروپی BRICS و پڕۆژەی EUR-ASIA تا لە ئاییندەیەکی زۆر نزیکدا ئەم گروپە توشی شەلەل بکەن و نەتوانێت بە ئامانجە ئابوری و سیاسیەکانی بگات.

٢/ بە دروستبونی پەیوەندی دیبلۆماسی و هەلومەرجی ئارامی سیاسی و ئاشتی تەواو لە نێوان ئیسرائیل زۆرینەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست. دەیانەوێت دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە گروپە پەرگیرەکانی وەک ( حەماس و حیزبوللە) و ئایدۆلیژیستەکان داببڕن و کۆتایی بە ڕۆڵی ئێران بهێنن لە کێشەی سیاسیەکانی گەلی فەلەستین و ڕۆژهەڵاتی ناوەراست.

٣/ دەیانەوێت بە زوویی چارەی کێشەی سیاسی فەلەستین بکەن، وە دەستبکەن بە ئاوادانکردنەوەی شاری(غەزە) و بینا کردنەوەی شارە وێرانەکانی نێو دەوڵەتەکانی ئەم ناوچەیە بە تایبەت لوبنان و فەلەستین، تا بتوانن متمانەی تەواو هەم لە دەرونی خەڵک و هەم لە دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر بە  دەوڵەتی ئیسرائیل و ئەمەریکا دروست بکەن.

٤/ دەیانەوێت بە ناوی ئاشتی و ئارامی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دروستبونی دەوڵەتچکۆیەکی (فەلەستین)ی کۆتایی بە دوژمنایەتی مێژویی نێوان هەرسێ ئایینی ئیبراهیمی و ئاسمانی بهێنن و ، ئاراستەی شەڕی ئایدلۆژی و سیاسی دژ بە ئیسرائیل و  ئەمەریکا بگۆڕن  بەرەو ئاراستەی (دوژمنێکی نوێ).

هەر ئێستا دۆناڵد ترەمپ (هاوپەیمانیەکەی فراونکردوەو کە چەند دەوڵەتێکی تازەی کردۆتە ئەندام وەک دەوڵەتی ( سعودیەی عەرەبی، میسر، ئوردن، سوریا و قەطەرو لوبنان ...هتد).

هەموو هەوڵێک دەدەن تا ئەم هاوپەیمانیە فراوان بکەن، ترەمپ بە فشاری سەربازی بێت یان دیبلۆماسی هەموو هەوڵێک دەدات کە (ئێڕان و عێراق و تورکیا)بهێنێتە نێو ئەم هاوپەیمانیەتە، وە سەرکەوتنی ئاییندەو ستراتیژی ئەم هاوپەیمانیە پەیوەستە بە بەشداری هەرسێ دەوڵەتی(تورکیاو ئێران و عێراق)، ئەگەر ئەم سێ دەوڵەتە  بتوانن لە هاوپەیمانی ڕوسیاو چین بێنە دەرەوە..!

ماویەتی....

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×