ئاڵوگۆڕێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا!

عوسمانی حاجی مارف
  2025-07-04     1026

ئەو ساتەی بینەری ڕووداوەکانی بەغدا بووین، لە ساڵی ٢٠٠٣دا،  یان وەک مێژوویەکی نزیک بۆ نەوەکانی ئێستای دەگێڕینەوە، یان گەر وەک فلیمێک نیشان بدرێن، کاتێک هێزەکانی سوپای بەرفراوانی ئەمریکا لەدەروازکانەوە هاتەناوەوە، پێشوەخت بە تێکشکاندنی تەواوی دامەزراوەکانی وەکو وێستگەکانی کارەباو بە بۆردمان و وێرانکاری  تەواوی شارەکانی عێراقیان تاریک کرد، هەرئەوکاتە ڕۆشن بوو بەوەی سەردەمێک دەسڕێتەوە و سەردەمێکی دیکە لەناو ڕەحمی ئاژاوەیەکی بێسەروبەر و بێوێنەدا لەسەر دەستی ئەمریکا لەدایک دەبێت.

ئێستاش لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥دا، بەدوای هێرشی ئاسمانی بێبەزیانەو نامرۆڤانەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بە لێدانی یەک لە دوای یەکی بۆمبی وێرانکەر کە دڵی نائارامی خەڵکی ئێرانیان کردۆتە ئامانج، دەشێ بەسادەیی بڵێین  لە بەردەرگای گۆڕانکاریەکی هاوشێوەی عێراقدا وەستاوین، بەڵام بە قەبارەیەکی گەورەتر و بە ئەگەری کاردانەوەی قووڵتر و نائەمنی زیاتر.

ڕەنگە نەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە لەڕۆژە سەختەکانی داهاتودا چی ڕوئەدات، بەڵام لەڕاستیدا شاراوەنیە کە دۆخەکە مایەی مەترسیەکی گەورەیە، ئەو ڕژێمەی چواردە دەیەیە خەریکی نەخشەی پانئیسلامی و پەروەردەی تیرۆرستان و هێزی میلیشیایە، کاریگەری خۆی لەسەر فەلەستین و لوبنان و عێراق و یەمەن دانا، بەڵام ئێستا لەبەرامبەر زریانێکی زۆر بەهێزدا دەلەرزێت، بۆ ئایندەیەکی ناڕۆشنی مانەوەی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدۆلۆژیەکەی بەرگری دەکات، جا بەهێزی سەربازی بێت یان بەدانوستان و ڕێکەوتن، هەوڵی جدی ئەدات ئەوکارەی بەسەرکەوتن بگەیەنێت، وەک وەستانەوەو پەرچەکرداری هێرشی بۆمبارانی چەند رۆژی رابردو لەبەرامبەر ئیسرائیلدا!.

ئەم دۆخە کە ئەمریکاو ئیسرائیل خولقاندویانە، ئەگەری ئەوە هەیە بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات کۆتایی پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بێت، کە چل ساڵ زیاترە پاراستنی سەرمایەداری بە ئایدۆلۆژیای ئیسلامی بەڕێوەدەبات، بەڵام پرسیاری جدی ئەوەیە دوای کۆتایی پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێستای ئێران لەرێگای ئەم شەڕە وێرانکەرەوە، دەسەڵاتی سیاسی بە چ شێوازێک بۆ پاراستنی سەرمایەداری دەتوانێت خۆی ڕێکخاتەوە و لە ئێرانێکی پڕ گێژاودا چۆن دەسەڵاتێکی تر دادەمەزرێننەوە، واتە دوای ئەوە چی ڕووئەدات؟. سیناریۆی جیاواز قابیلیە پێشبێت، ئەزمونی ژیانی سیاسی ئەوەمان بیردەخاتەوە، کە ڕووخانی ڕژێمە دکتاتۆر و پاوانخوازەکان بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگەی جەنگ و کاریگەری دەرەکی و سەرو ئێرادەی جەماوەری خەڵكەوە،  بەدەگمەن فەراهەمهێنی ئارامی و سەقامگیری سیاسیە، بەئاشکرا و بە فراوانی دەروازەکانی دۆزەخ بۆ دانیشتوان دەکەنەوەو بەدڕندانەترین شێوە کەڵەکەی سەرمایە بەڕێوەدەبەنەوە.

هەڵبەتە ئەوە لەبەرچاوە، کە دۆخی ئێران وەک وولاتێکی پان وبەرین و دامەزراوەیەکی حکومرانی بە هێژمۆنی سەراسەری و ناوەندبون، خاوەن ئایدۆلۆژیەکی ئیسلامی، کاریگەریەکی توندی پەیوەندی کۆمەڵایەتی داڕشتوەو ڕێکخستوە، خاوەن بەرژەوەندی سەرمایەگوزاریەکی زەبەلاحی جیاوازە لە ناوچەکەدا، لەهەماکاتدا دانیشتوانی هەشتاوپێنچ ملێۆن کەسە و پێکهاتەیەکی فرە ئاینی و فرە نەتەوە لەخۆدەگرێت، لەحاڵەتی داڕمانی کۆماری ئیسلامی لەم کاتەدا، ئەو هێژمۆنی ناوەندبونەی، تەواو دەشێوێت و لێک دەترازێت و بەزەحمەت بەیەکەوە دەبەسترێتەوە. هەربۆیە لەگەڵ هەر وەستانەوەیەکی ئەمریکا لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا، ئەوە ڕادەگەیەنێت کە نایانەوێت حکومەت بروخێنن!.

ئەوەی شایانی باسە، کۆماری ئیسلامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا گرنگترین دەسەڵاتی ناوچەیی خۆی لەدەست داوە، لەلایەک، ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد وەک پشتیوانێکی گرنگی ئێران، گورزێکی گەورەیدا لەپێگەی ئێران لە ناوچەکەدا، هەروەها پردی وشکانی پچڕاند کە ئێرانی بە لوبنانەوە دەبەستەوە، داڕمانی حەماسیش لە غەززە بووە هۆی ئەوەی کە ڕژیمی ئێران دوا هێزی مانەوەی خۆی لە دژی ئیسرائیل لەدەست بدات. وەک ئەوە وایە کە گەڵاکانی پاییزی ئێران یەک بە یەک بکەونە خوارەوە، تا دارەکانی لەبەردەم بای توندی گۆڕانکاری وەرزدا ڕووت بمێننەوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دیمان کە پەرچەکرداری ئێران لەبەرامبەر ئیسرائیلدا، سەرسامیەکی نیشاندا، کە چاوەڕوانکراو نەبوو، بەجۆرێک هاوسەنگی هێزی پێچەوانە کردەوە، بەڵام ناکرێ ئەو ڕاستیە لەبەرچاو نەگیرێت، پێوەرەکانی ئێستا ئەوە دەردەخەن کە ڕژیمی ئێران قەیرانێکی قوڵی ئابوری یەخەی گرتوە و دانیشتوانەکەی لە ناوەوە دەکوڵێت و نوخبەی دەسەڵاتدار یەکدەست نین و کێشەیان هەیە، ئەم دۆخی شەڕە وێرانکاریەش ئابوریەکەی زیاتر و زیاتر دادەڕمێنێت، بۆیە بەرگەگرتنی هەموو ئەوانە بۆ کۆماری ئیسلامی ئاسان نییەو ناتوانێ وەک پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتەکەی بپارێزێت، کە یان دەبێت خۆی بگۆڕێت یان دەبێت بڕوخێت!

ڕژیمی ئێران بۆخۆشی باش درک بەوە دەکات، لە سۆنگەی هاوسەنگی هێزەوە درێژەدان بەم شەڕە لەلایەک خودکوژی خۆیەتی، لەلایەکی ترەوە زیاتر داڕمان و وێرانکردن و کوشتنی بەکۆمەڵە، لەهەمانکاتدا پاشەکشە بەمانای لەدەستدان و شکستی ئەو شەرعیەتەیە کە لەسەر بنەمای ئیسلامی و خۆڕاگری بنیاتیان ناوە. بەڵام لە کۆتایشدا ناچار بو ئاگربەست قەبوڵ بکات.

لەڕاستیدا پێویست نیە ئەو پرسیارە بکەین، کە کۆماری ئیسلامی کەی دەڕوخێت، بەڵکو ئەو پرسیارە گرنگە، دوای ڕووخانی چی ڕوودەدات؟، دۆخی ئێران چی بەسەردێت؟. بێگومان دۆخەکە لەبەردەوامی جەنگ و فراوانبونەوەی ململانێکان و لێدوان و هەڕەشەی لایەنەکانی بەشدار لە جەنگ و دەرەوەی جەنگ، زیاتر ئەوە نیشان ئەدەن کە کێبرکێ بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەکەن کە دوای جەنگ دروست دەبێت. ئەمەش لەپەیوەند بە دۆخی ئێرانی دوای جەنگ ،هاوسەنگیەک لەنێوان لایەن و هێزەکاندا نابینرێت تا بتوانن حکومەتێک پێکبهێنن، کە ناوەندبون و ئارامی و یەکگرتویی و سەقامگیری ئێران بپارێزێت، بۆیە ئاژاوەو گێژاوێک پێشبینی دەکرێت کە ساغبونەوەی سەقامگیری دەکەوێتە بەر ئایندەیەکی نادیارەوە.

ئەمریکا وەک لایەنێکی سەرەکی لەشەڕەکەدا، سەرەڕای دوژمنایەتی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و هەوڵدان بۆ دەستەمۆکردنی ئێران لەرێگەی هێرشکردنە سەری، درک بەوە دەکات کە ڕوخانی ئێران وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو، ئاژاوەی بەربڵاوی ناوخۆیی و ناوچەیی دروست دەکات، ئەمەش دواتر بەقازانجی ستراتیژی ئەمریکا نابێت کە باڵادەستی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت، بۆیە تابۆی بگونجێت تەنها ئالوگۆڕێکی شکڵی لە هەمان دەسەڵاتی سیاسی ئێستای کۆماری ئیسلامیدا دەکات، کە ملکەچی خۆی بێت.  

لەلایەکی تریشەوە ڕوسیا و چین، هاوپەیمانی تەقلیدی تاران، نایانەوێت دەستوەردانێکی سەربازی ڕاستەوخۆ بکەن بۆ ڕزگارکردنی کۆماری ئیسلامی، بەڵام لەهەمانکاتدا، ڕێگە بە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوەتی ئەمریکا بەسەر ووڵاتێکی گەورەی وەک ئێراندا نادەن، کە ئێران تایبەتمەندی ستراتیژی هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەت دەوڵەتانی کەنداو، لەدۆخێکی دوودڵیدان، لەلایەک پێشوازی لە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەکەن، کە دەیان ساڵە لە ژێر کاریگەری هەڕەشەدان بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکانیان، لەلایەکی تریشەوە ترسیان لەو ئاژاوە هەیە کە لە ئەنجامی جەنگێک و نائامادەیی و نەتوانینی کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە رەنگە بۆیان بێتە پێشەوە، وەک ئاگری پوشی دەشتێک کە لە سەرانسەری ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە. عەرەبستان و ئیمارات بەتایبەتی درک بەوە دەکەن کە سەقامگیری ئێران وەک دەوڵەتێک لە سروشتی ڕژێمی دەسەڵاتدارەکەی گرنگترە. دراوسێیەکی کێشەدار لە دراوسێیەکی دوژمنکار مەترسیدارترە.

لەم دیمەنە ئاڵۆزەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دێتە ئاراوە، ئایا هێزەکانی ناوخۆی ئێران لە بەڕێوەبردنی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵاتدا سەرکەوتوو دەبن؟ یان بەرەو شەڕێکی ناوخۆیی درێژخایەن دەڕۆن، کە دەتوانێت ببێتە هۆی دابەشبوونی وڵات؟ فاکتەرێک کە پێشبینی ئەگەری ئەو دابەشبونەی تیا دەکرێت، بەجیا لە نەبونی هێزێکی پتەو بەرجەستە کە بتوانێ ڕژێمێکی تر دامەزرێنێت، لەهەمانکاتدا بونی هێزێکی بەرفراوانی سەدان هەزاری عەقیدەتیە کە دەیان ساڵە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پەروەردەیان دەکات، ئەگەر ئەم هێزە بڕیار بدات و بیەوێت تا کۆتایی شەڕ بکات و پارێزگاری لەدەسەڵات بکات، ئێران دەتوانێت شایەتحاڵی کارەساتێکی گەورەتری پەرشوبڵاوی ناوچەکانی ئێران بێت، لەوەی کە لە سوریا و عێراق ڕوویدا.

پێموانیە هیچ کەس نکوڵی لەوە بکات کە دوای کۆتایی ئەم شەڕەو گۆڕانێک لەنێو هەمان پێکهاتەی ئێستای دەسەڵاتی سیاسی ئێران، یان ئەگەری ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بە تەواوی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە باڵادەستی ئەمریکا دادەڕێژێتەوە، لەهەمانکاتدا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی دۆخی ململانێی زلهێزکانی دنیا دەبێت.

لەڕووی ئابووریەوە ڕووخانی ڕژێمی ئێران کاردانەوەی جیهانی دەبێت. لەبەرئەوەی ئێران خاوەنی چوارەم یەدەگی نەوتە لە جیهاندا، هەر جۆرە پەککەوتنێک لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنیدا کاریگەری لەسەر نرخی وزەی جیهانی دەبێت.

چین کە بڕێکی زۆر لە نەوتی ئێران هاوردە دەکات، ناچار دەبێت بەدوای بەدیلدا بگەڕێت، ئەمەش ئەگەری گۆڕینی دیمەنی بازرگانی وزەی جیهانی هەیە. لای خۆیەوە ڕووسیا ڕەنگە سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز وەربگرێت، بەڵام هاوپەیمانێکی ستراتیژی گرنگ لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ڕۆژئاوادا لەدەست دەدات.

هەرچەندە ئەمریکا لەدوای هێرشەکانی بەرەبەیانی ٢٢ی ئەم مانگە، واڕادەگەیەنێت کە کۆتایی بە کاریگەری یۆرانێۆم هێناوە، بەڵام پمێوایە هێشتا بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێران تەحەدای دیکەی لێدەکەوێتەوە، ئەگەر ئێران بکەوێتە بەر گێژاوی شەڕی ناوخۆی  لایەنەکان و هێزە میلیشیاکان، چی بەسەر پاشماوەی دامەزراوە ئەتۆمیەکان و ماددە تیشکدەرەکان دێت؟ ئایا زلهێزە نێودەوڵەتیەکان دەتوانن کۆنترۆڵی ئەو ماددانە بکەن و ڕێگربن لەوەی نەکەوێتە دەستی گروپه توندڕەوە میلیشیاکانەوە؟ یان لە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێ و گرژی و ئاڵۆزی، ڕووبەڕووی کابوسێکی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی دەبینەوە؟ بەگشتی ئێران و ناوچەکە، بەتایبەتی بەدوای هێرشەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، دۆخەکەی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر کردووە.

لەنێو ئەو هەموو گێژاو و ئاڵوۆزی و تەحەدا ترسناکانەدا، پرسیار لە کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازان و رێکخراوە جەماوەریەکان ئەوەیە، ئامادەن بۆئەوەی دوای هەر ئاڵوگۆڕێک، یان ڕووخانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆڵێکی پێشڕەوی ئینسانی و ئازادیخوازی ببینن، تا پێگەی دەورو دەخالەتی ڕاستەوخۆی جەماوەری لەئایندەی پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لەئێراندا دابین بکەن؟  لەڕاستیدا کۆمەڵگەی ئێران بەگشتی و چینی کرێکار بە تایبەتی، ئاستێکی بەرینی پێشڕەوی جەماوەری لە رادیکالی و ئازادیخوازی و یەکسانخوازی تیا بەهێزە، بەڵام ناڕێکخراو و پەرشوبڵاوە ونائامادەیە، پێش هەموو شتێک هەر لایەنێک و ڕێکخراوێکی کۆمۆنستی، پێویستە لەڕیزی پێشەوەی ڕێکخستن و یەکخستنی ئەو هێزە جەماوەریەدا بێت کە بە ئاسۆی سؤشیالستی و ئازادیخوازی و یەکسانخوازی لە مەیدانی ململانێ  و خەباتی چینایەتیدایە.

ئەوەی لەمڕۆدا پێویستە، کە ئێران لە دۆخی جەنگێکی وێرانکاری و کۆمەڵکوژیدایە، هەرچەندە شەرەکە لە ئێستا راگیروە، بەڵام بەردوامی ململانێکان و نالەباری دۆخی سیاسی، هێشتا کاتی خۆپاراستنە لە کاریگەریەکانی ئەو جەنگە و نەبون بە سوتەمەنی ئەو شەڕە. دورکەوتنەوە لەو هێزو لایەنانەی دەیانەوێت لە نێوەندی ئەو شەڕەدا بکەونە بەرامبەر هێزەکانی دەسەڵات و پێکدادان ئەنجام بدەن، ئێستا سەردەمی یەکڕیزی  و خۆڕێکخستن و هوشیاربونەوەیە، ئەگەرچی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لەڕووی هاوسەنگی سەربازیەوە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و ئەمریکای نییە، بەڵام لەم بارودۆخەدا دەتوانێت لەبەرامبەر هەر ناڕەزایەتیەک سود لە توندترین  و خوێناویترین سەرکوت وەرگرێت. بۆیە ئامادەکرنی هەر ڕێکخراوێک لە ئێستادا بۆ شەڕکردن لەگەڵ ڕژێمدا، کارێکی گەمژانەو نابەجێیە، بە زیانی خەباتی جەماوەری تەواو دەبێت.

پێویستە خۆڕێکخستن لە دژی شەڕ و هەلومەرجی شەڕ و ئازارەکانی، بەرەوپێش بچێت، خەبات بۆخواستی ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ، بەرزکردنەوەی دروشمی دژی شەر دوبارە نەبونەوەی شەر پێوێستی بە بزوتنەوەیەکی بەرفراونی جەماوەری جیهانیە.

 ئەمڕۆ پێویستە کۆمۆنستەکان و ئازادیخوازان، ڕێکخستنی خەڵکی ناڕازی بەدژی شەر بکەنە ئەولەویەتی کارنامەی خۆیانەوە، بۆ هاوکاریکردنی یەکتر لە بەرامبەر سەختیەکانی شەڕ، دابینکردنی ئامڕاز و ئاسانکاری بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە ناچارن ماڵ و شارەکانیان بەجێبهێڵن و پێدانی پێداویستی  تەواوی بۆیان، دابینکردنی بژێوی ژیان و  ئیمکاناتی تەندروستی، هاوکاریی دەستبەجێی خەڵک لە ئەگەری بۆردومانکردنی ماڵەکانیان، خەبات دژی ئەو ناسیۆنالیستە ڕەنگاوڕەنگانەی کە بە شەڕ و وێرانکردنی کۆمەڵگا وروژێنراون و ئومێد بە لایەنگری بۆ جەنگ دەبەخشنەوە.

دوورخستنەوەو پاراستنی کۆمەڵگا لە دروستبونی هەر سیناریۆیەکی تاریک و هەلومەرجی شەڕهەڵگیرسانی هێزە میلیشیاکان، لەهەمانکاتدا لە هەر جێگایەک بۆشاییەک بەهۆی نەمانی هێزەکانی ڕژێم دروست دەبێت، پێویستە جەماوەری خەڵک بۆ پاراستنی خۆی و بۆ ئیدارەکردنی کاروبارەکانیان رێکخراو و چەکدار بن، تا بتوانن ئەمنیەتی خۆیان بپارێزن و کاروباری خۆیان بەڕیوەبەرن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×