وەزارەتی نەوتی عێراق: بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەبێت گۆڕانكاری لە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمدا بكرێ
  2023-12-02       422       

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق پەرۆشە بۆ دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركی بەڵام دەبێت گۆڕانكاری لەو گرێبەستانەدا بكرێت كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانی نەوت كراون بەجۆرێك كە گونجاون بن لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ئیمزای دەكات.

ئاوێنە: عاسم جیهاد، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی وتوە"حكومەتی عێراق پەرۆشە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی توركی و هەوڵی زۆریش دەدات بۆ چارەسەركردنی هەندێك كێشەی یاسایی و تەكنیكی و دارایی كە پەیوەستن بە بابەتی ئەو گرێبەستانەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لەگەڵ كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان ئیمزاكراون، چونكە ئەو گرێبەستانە جیاوازن لەو گرێبەستانەی كە حكومەت یا وەزارەتی نەوتی عێراق ئەنجامیان دەدات، بۆیە دەبێت گۆڕانكاری لە شێوەی یاسایی ئەو گرێبەستانەدا بكرێت بەجۆرێك كە گونجاو بن لەگەڵ ئەوەی كە وەزارەتی نەوت ئیمزای دەكات."

عاسم جیهاد جەختی كردۆتەوە "چارەسەری ئەو كێشانە دەبێت گونجاو بێت لەگەڵ یاساو رێنماییەكان بۆ ئەوەی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوت خێرا بكرێت لەسەر ئەو بنەمایەی كە لە یاسای بودجەدا شایستەی دارایی هەیە بۆ هەمو لایەنەكان لە ئەنجامی هەناردەی ئەم نەوتە."

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی كردۆتەوە كە "حكومەت پەرۆشە بۆ رێكخستنی ئەو پڕۆسەیە بەشێوەیەكی یاسایی دروست لەپێناو خێراكردنی پڕۆسەی هەناردەكردنەوەی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانی توركییەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×