راگەیەندراوی سوپای ئەمریكا لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی نزیك كەركوك
  2023-12-04       299       

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکەی شەوی رابردوی سنوری کەرکوک بۆ پێنج چەكداری ئەو هێزانەی كە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی ناودەبەن، دەڵێت، لەكاتێكدا كە ئەو پێنج چەكدارە ئامادەكارییان بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی درۆنی دەكرد، كرانە ئامانج و هەر پێنجیان كوژران.

ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، ئەمشەو دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، دوێنێ 3ی كانونی یەكەم، لەنزیك كەركوك، هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ پێنج چەكدار كە ئامادەكارییان بۆ هێرشێكی درۆنی دەكرد، روبەڕوبونەوەو هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ بەرگری لەخۆیان و بە بەكارهێنانی سیستمی ئاسمانی ئەمریكی چەكداری بێ فڕۆكەوان، وەڵامیان دانەوەو لە ئەنجامدا هەر پێنج چەكدارەكە كوژران و درۆنەكەش لەناوبرا.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا راشیگەیاندوە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق لە هێرشەكە ئاگاداركرانەوەو چونە شوێنی بۆردومانەكەو كوژرانی چەكدارەكان و تێكشكاندنی درۆنەكەیان پشتڕاستكردەوە.

جەختیشی كردۆتەوە، ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە بەرگریكردن لە هێزەكانی خۆی و هێزەكانی هاوپەیمانان لەبەرامبەر هێرشەكاندا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×