كوژرانی پێنج چەكدارەكەی حەشدی شەعبی كێشە بۆ سوودانی درووست دەكات
  2023-12-07       336       


دوای ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە پارێزگای كەركووك پێنج چەكداری حەشدی شەعبیان كوشت، كێشە بۆ محەمەد شیاع سودانی درووست كردووە.

لە پارێزگای كەركووك لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەك چەكداری حەشدی شەعبی كەوتنە بەر بۆردوومانی هێزەكانی ئەمریكا، هاوكات باڵیۆزی ئەمریكا لە بەغدا ڕایگەیاند حكوومەتی عێراق ئاگاداری كێشەكە بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی چەند میدیایەكی عێراقی، سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی ڕووبەڕووی كێشە بووەتەوە كاتێك ئێلینا ڕۆمانسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ڕایگەیاند، هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر چەكدارانی حەشدی شەعبی لە كەركووك بە ئاگاداریی حكوومەتی عێراق بووە.

ئاماژەی بەوەش كراوە، ئەم لێدوانەی ڕۆمانسكی كێشەی بۆ سوودانی سەرۆك وەزیران درووست كردووە و ناكۆكی خستووەتە نێوان سەرۆك وەزیران و حەشدی شەعبییەوە.

هێرشەكانی ئەم دواییەی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا لە چەند ناوچەیەك، كاردانەوەی ئەمریكای بەدوای خۆیدا هێنا و چەند بارەگایەكی گرووپە چەكدارەكانی بۆردوومان كرد لە ناویاندا لە پارێزگای كەركووك و لە ئەنجامدا پێنج چەكداری حەشدی شەعبی كوژران.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×