وەزارەتی دارایی: چاوەڕوانین لەداهاتویەکی نزیکدا 250 ملیار دینار بخرێته‌ سەر هەژماری وەزارەتمان
  2023-12-10       945       


وەزارەتی دارایی‌و ئابوریی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەک قەرز لەڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە واژۆ کردووەو چاوەڕوانن لەداهاتویەکی نزیکدا پارەکە بخرێته‌ سەر هەژماره‌كه‌یان.

ئاوێنه‌: له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "ڕۆژی یەکشەممە 2023/12/10 وەزارەتی دارایی و ئابوری گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەک قەرز لەڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە واژۆ کردووەو چاوەڕوانین لەداهاتویەکی نزیکدا پارەکە بگاتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق."                           

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، رۆژی هەینی نوسراوێكی دەركردووە تایبەت بەپێدانی قەرز بەبڕی 700 ملیار دینار بەحكومەتی هەرێم بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەگرەنتی پارەیەکی پێشەکی کە پێشکەش بەوەزارەتی دارایی فیدراڵی دەکرێت تا دواتر لەپشكی هەرێم ببڕدرێت، پاش پابەندبونی هه‌رێم بەماددەكانی یاسای بودجە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژه‌ی‌ بۆ ئه‌وه‌ش كردبو كه‌ "ناردنی‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ لەچوارچێوەی سوربونماندایه‌ لەسەر جێبەجێكردنی رێككارەكان بەپێی ئەوەی لەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی ژمارە 13ی ساڵی 2023دا هاتوە، لەوانەش دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی كەسانی شایستە، هەروەها وەک پشتڕاستکردنەوەی ویستی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پێویستییەكانی فەرمانبەران لەهەرێمی کوردستان‌و جێبەجێکردنی چاکسازیی دارایی بەئامانجی بەرەوپێشبردنی گەشەی ئابوریی".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×