كاتی هەڵبژاردنى سەرۆكی نوێى پەرلەمانی عێراق دیاری كرا
  2023-12-11       248       

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان كۆببێتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە، تا ئێستا لایەنە سوننەكان لە سەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە ڕێكنەكەوتوون.

بەشی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق كارنامەی دانیشتنی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی بڵاو كردووەتەوە.

بەپێی كارنامەكە، ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٣ پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام دەدات، لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی پەرلەمان سەرۆكێكی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵدەبژێرن.

ئاماژە بەوەش كراوە، بڕیارە كۆبوونەوەكە كاتژمێری ٢ی پاش نیوەڕۆ بەڕێوە بچێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، پێشتر محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندبوو، هێزە سوننەكان هێشتا یەك هەنگاویان نەناوە لەسەر دیاریكردنی كەسایەتییەك بۆ ئەو پۆستە، هەربۆیە ئێمە یەكێك لەو كاندیدانە هەڵدەبژێرین، كە بە گونجاوی دەزانین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئەو پۆستە موڵكی هەموو عێراقییەكانە، نەك بۆ لایەنێك یان پێكهاتەیەكی دیاریكراو.

لە ١٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣دا دادگای باڵای فیدراڵی ئەندامێتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی‌ پەرلەمانی‌ عێراقی‌ لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و ڕایگەیاند، ئەمە بڕیاری كۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەكان پێوەی پابەند بن، بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×