سودانی بۆ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا: پابەندین بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان
  2023-12-11       262       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا جەخدەكاەوە كە عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و راوێژكارانی سەربازی هاوپەیمانان و حكومەت و هێزە ئەمنییەكانیش جددین لە بەدواداچونی ئەنجامدەرانی هەر هێرشێك بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێنی كاری راوێژكارە سەربازییەكان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە دەیڤید كامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاوە پێگەیشتوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان هەردو وڵات و چۆنیەتی بەهێزكردنی ئەو پەیوەندییانە كراوە لەگەڵ باسكردنی دۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەكەو دوایین پێشهاتەكانی پرسی فەلەستین.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، سەرۆك وەزیران جەختی كردۆتەوە كە عێراق پابەندە بە دابینكردنی پارێزگاری بۆ راوێژكارانی سەربازیی هاوپەیمانان و نێردە دیپلۆماسییەكان بەپێی یاساو رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و هاوكات جەختیشی لە رەتكردنەوەی هەر پێشێلكردنێكی سەروەری و لەكەداركردنی ناوبانگی عێراق كردۆتەوە.

هەروەها سودانی جەختی لەوە كردۆتەوە كە حكومەت و هێزە ئەمنییەكانی عێراق جددین لە بەدواداچونی ئەنجامدەرانی هەر هێرشێك بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێنی كاری راوێژكارەكان و بەپێی یاساش مامەڵەیان لەگەڵدا دەكات.

لای خۆیشییەوە دەیڤید كامیرۆن پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستەكانی حكومەتی عێراق لەبارەی پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان دەربڕیوەو جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەتی وڵاتەكەی خوازیاری پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و فراوانكردنی ئاسۆی شەراكەتی نێوان بەریتانیاو عێراقە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×