سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردن لە كەركووك دادگای فیدراڵی كۆدەبێتەوە
  2023-12-12       234       

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق بە تایبەتى لە شارى كەركووك كۆببێتەوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سكاڵا كۆببێتەوە، کە تیایدا داواكراوە تا تۆمارێكی نوێ و وردی دەنگدەران بەردەست دەبێت هەڵبژاردن لە كەركووك دوا بكەوێت.

سەفوەت ساڵح بەنا كاندیدی بەرەی یەكگرتووی توركمانی عێراق، سكاڵایەكی لە دادگای فیدراڵی عێراق تۆماركردووە تیایدا داوای ئەوەی كردووە تۆمارێكی ووردی دەنگدەران دەست بخرێت و دوای ئەوە هەڵبژاردن لە پارێزگای كەركووك بەڕێوە بچێت.

لەلایەكی دیكەوە كاندیدی هاوپەیمانی قیادەی سوننەكان نەجاح تائی داوای دواخستنی هەڵبژاردنی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كردووە.

شەوی ڕابردوو بەرپرسانی یەکێتی بڵاویانكردەوە بە هیچ جۆرێك لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نین و دەبێت لە وادەی خۆی هەڵبژاردن بكرێت.

بڕیارە ڕۆژی ١٨ ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە ئێستادا بانگەشەكان بەردەوامی هەیە لەلایەن لایەنە سیاسییەكانەوە و ڕكابەری بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی بەردەوامی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×