ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوەدەچێت
  2023-12-16       340       

سەرلەبەیانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ده‌نگدانی تایبه‌ت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق ده‌ستیپێكرد كه‌ تیایدا هێزه‌ چه‌كداره‌كان و كارمه‌ندانی ده‌زگا ئه‌منییه‌كان و ئاواره‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن.

ئاوێنە: به‌پێی ئاماره‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی، یه‌ك ملیۆن و دو هەزار و 393 دەنگدەر لە هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان مافی دەنگدانیان هەیە و 565 بنکەی دەنگدانیان بۆ کراوەتەوە کە دو هەزار و 367 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن.

هاوكات 48 هەزار و 260 ئاوارە لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت مافی بەشداریکردنیان هەیە کە 35 بنکەی هەڵبژاردنیان بۆ ئامادەکراوە و 120 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت و ئاواره‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ژماره‌ی ده‌نگده‌ر بنكه‌كانی ده‌نگدانیان بۆ دیاریكراوه‌ و به‌سه‌ر سێ پارێزگای هه‌رێمدا دابه‌شی سه‌ر ده‌یان بنكه‌ و وێستگه‌ی ده‌نگدان كراون.

له‌ پارێزگای هه‌ولێر 20 هه‌زار و 515 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یه‌ و به‌سه‌ر 19 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، به‌ شێوه‌یه‌ك، 15 هه‌زار و 492 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 12 بنكه‌دا دابه‌شكراون، له‌گه‌ڵ 5 هه‌زار و 23 ئاواره‌ كه‌ 7 بنكه‌ی ده‌نگدان بۆیان ته‌رخان كراون.

له‌ پارێزگای سلێمانی 27 هه‌زار و 217 ده‌نگده‌ر به‌سه‌ر 20 بنكه‌ی ده‌نگدان دابه‌شكراون، له‌و ژماره‌یه‌ش 23 هه‌زار و 402 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن به‌سه‌ر 15 بنكه‌دا دابه‌شكراون 3 هه‌زار و 815 كه‌سیش ئاواره‌ن و 5 بنكه‌ی جیاواز بۆیان دیاریكراوه‌.

لە‌ پارێزگای دهۆك 54 هه‌زار و 210 كه‌س له‌ دهۆك مافی به‌شداریكردنیان له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان عێراق هه‌یه‌ و 34 بنكه‌یان بۆ دیاریكراوه‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌ كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌ 14 هه‌زار و 788 كه‌س ده‌نگده‌ری تایبه‌تن و به‌سه‌ر 11 بنكه‌دا دابه‌شكراون، كه‌چی ئاواره‌كانی ئه‌و پارێزگایه‌ ژماره‌یان زیاتره‌ و 39 هه‌زار و 422 كه‌س له‌ 23 بنكه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن.

ژمارەی ئەو کاندیدانەی کە ناویان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق پەسندکراوە 5915 کەسن، ژمارەی کورسییەکانی هەر ئەنجومەنی پارێزگایەک 12 کورسییە، بۆ هەر 200 هەزار دانیشتوانێکی سەرو ملیۆن کورسیییەکی دیکە بۆ ئەنجومەنی ئەو پارێزگایە زیاد دەکرێت.

بۆ نمونە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگای کەربەلا ملیۆنێک و 250 هەزار کەسە، واتە جگە لەو 12 کورسییە جێگیرە کورسییەکی دیکە بۆ ئەو پارێزگایە زیاد دەکرێت، چونکە 200 هەزار دانیشتوانی لە سەرو ملیۆنێکەوە هەیە.

لە هەر ئەنجومەنی پارێزگاکانی بەغدا، نەینەوا، بەسرە و کەرکوک چوار کورسی تایبەت دەبێت بە پێکهاتەی مەسیحی، دو کورسیش تایبەت دەبێت بە کوردی فەیلی، بەڵام لە پارێزگای بەغدا و واست تەنها یەک کورسیان دەبێت.

لە پارێزگای بەغدا و میسان دو کورسی تایبەت دەبێت بە پێکهاتەی سائیبە، لە پارێزگای نەینەواش کورسییەک تایبەت دەبێت بە پێکهاتەی ئێزدی و کورسییەکیش بۆ پێکهاتەی شەبەک دەبێت.

بڕیاریشه‌ رۆژی دوشەممە، 18-12-2023 ده‌نگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت و بۆ ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هه‌یه‌.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×