كۆمسیۆن: دوای 24 سەعات لە كۆتاییهاتنی دەنگدان، ئەنجامەكان رادەگەیەنرێن
  2023-12-16       279       

جومانه‌ غەلای وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاشكرایكرد، دوای 24 سەعات لە كۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەنجامەكان لەلایەن ئەنجومەنی كۆمیسیارانەوە رادەگەیەنرێن.

ئاوێنە: جومانە غەلای، ئەمڕۆ شەممە، لە لێدوانێكدا رایگەیاند، پاش كۆتاییهاتنی دەنگدانی تایبەت، سەعات 6ی ئێوارەی ئەمڕۆ ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان دادەخرێن و ئەنجامی سەرەتایی لە هەر وێستگەیەك دەردەكەوێت و ئەو ئەنجامانەش دەدرێنە نوێنەرانی حزبە سیاسییەكان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەدوای پڕۆسەی ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی، ژماردن و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان دەستپێدەكات، بەوەش ئەمڕۆ ئەنجامە سەرەتاییەكان لە هەر وێستگەیەك ئامادەدەبن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، بەڵام بەگشتی ئەنجامەكانی دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەكی ناوەندیی لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیارانەوە لەگەڵ ئەنجامەكانی دەنگدانی گشتی رادەگەیەنرێن ئەوەش لەدوای 24 سەعات لە كۆتاییهاتنی دەنگدانی گشتی.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەستی پێكرد كە تێیدا هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەكان دەنگدەدەن و بڕیاریشە دوسبەی دوشەممە دەنگدانی گشتی بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×