كۆمسیۆن: رێژەی دەنگدانی تایبەت گەیشتۆتە 38%
  2023-12-16       244       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، ئاشكرایكرد، تاوەكو سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ رێژەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان گەیشتۆتە لەسەدا 38.

ئاوێنە: عومەر ئەحمەد، سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی دەنگدانی تایبەت درێژناكرێتەوەو ناوەندەكانی دەنگدان لە سەعات 6ی ئێوارە بەپێی سیستمی كۆنترۆڵی ئەلیكترۆنی دادەخرێن و داخستنەكە بەشێوەیەكی ئۆتۆماتیكە بۆیە ناتوانرێت ماوەی دەنگدان درێژبكرێتەوە.

وتیشی، دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان، پڕۆسەی جیاكردنەوەو ژماردنی دەنگەكان بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی لە وێستگەكان ئەنجامدەدرێت و پاشان ئەنجامە ئەلیكترۆنییەكان دەنێردرێن بۆ ناوەندیی نیشتمانی، لەگەڵ ئەوەش پڕۆسەی ژماردنی دەنگەكان بەشێوەی دەستی و بەپێی یاسای هەڵبژاردن بۆ سەرجەم وێستگەكانی دەنگدان ئەنجام دەدرێت.

ئاشكراشیكرد، رێژەی بەشداریی لە دەنگدانی تایبەت تاوەكو سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ گەیشتۆتە لەسەدا 38 و پێشبینیشی كرد لە سەعاتەكانی داهاتودا رێژەی دەنگدان بەرزببێتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×