کۆمسیۆن لە بارەی کێشەیەکی تەکنیکی ئامێرەکانی ژماردنی دەنگ رونکردنەوە دەدات
  2023-12-17       231       

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکییەوە، هەندێک لە ئامێرەکانی کۆمسیۆن ئەنجامی دەنگدانیان نەناردوە، بۆ ئەو مەبەستە و بەپشتبەسن بە چەند یاسایەک، سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانەوە رەوانەی ناوەندی سەرەکی کۆمسیۆن کراون و بە شێوازی دەستی ژماردنیان بۆ دەکرێت و دواتر رەوانەی نوسینگەی نیشتمانی دەکرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپشت بەستن بە بڕگەی (د) لە بەندی یەکەمی ماددەی 10ی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023کە دەقەکەی بریتییە لە، لە ئەگەر هاتو ئامێری ناردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە ماوەی شەش کاتژمێر ئەنجامەکانی نەنارد بۆ سەنتەری پێداچونەوە، ئەوا سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان رەوانەی سەنتەرەکە دەکرێن.

ئاماژە بەوەشکراوە، لەبەر ئەوەی لە هەندێک ناوەندەکانی دەنگدان بەهۆی چەند کێشەیەکی تەکنیکییەوە ئەنجامی دەنگدانەکان رەوانەی نوسینگەی سەرەکی نەکرا، بڕیاردرا سەرجەم سندوقەکانی دەنگدان لە پارێزگاکانی عێراقەوە رەوانەی ناوەندی سەرەکی کۆمسیۆن بکرێن، بۆ ئەوەی بە شێوازی دەستی دەنگەکان بژمێردرێن و دواتر رەوانەی نوسینگەی نیشتمانی بکرێت بۆ جێگیرکردنی ئەنجامەکان.

ئەوەشخراوەتەڕو، کۆمپانیای "میرۆ"ی کۆری دروستکەری ئامێرەکان لە دوای پشکنینەکانی نامەیەکی ئاڕاستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردوە و تەواوی کێشەی هەندێک لە ئامێرەکانی رونکردوەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×