لە عێراق و سووریا ١٠٠ جار هێرش كراوەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا
  2023-12-17       253       


میدیاكانی ئەمریكا بڵاویان كردەوە، گرووپە چەكدارەكان چەند هێرشێكی نوێیان كردووەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، بەمەش ژمارەی هێرشی سەر هێزەكانیان لە سووریا و عێراق بەرزبووەتەوە بۆ ١٠٠ هێرش، دەشڵێن، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ٦٦ سەربازی ئەمریكی بە سووكی بریندار بوون.

كەناڵی فۆكس نیوزی ئەمریكی لەبارەی هێرشەكانی سەر بنكە و هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، گرووپە چەكدارەكان چەند هێرشێكی نوێیان كردووەتە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا، بەم هێرشەوە كۆی گشتی هێرشەكان لە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و عێراق لە دوای ١٧ی تشرینی یەكەمەوە گەیشتووەتە ١٠٠ هێرش، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ٦٦ سەربازی وڵاتەكەمان بە سووكی بریندار بوون.

ئاماژە بەوەش كراوە، كۆتا هێرش بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی چەند فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە بۆ سەر دوو بنكەی هێزەكانی ئەمریكا  بووە، کە کراوەتە سەر كێڵگەی نەوتی عومەر و كۆنیكۆ لە سووریا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) ڕایگەیاندووە، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا خێرایی هێرشەكان دژی سوپای ئەمریكا لە عێراق و سووریا بە ڕێژەی ٤٥% زیادی كردووە.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمریكا بڕیاریداوە هێزی زیاتر و فڕۆكەی جەنگی زیاتر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات، بە مەبەستی پاراستنی هێزەكانی لە ناوچەكە، بە تایبەت لە عێراق و سووریا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×