سبەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق هەڵدەبژێردرێن
  2023-12-17       456       


سبەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەنی 15 پارێزگای عێراق بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 15 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.

ئاوێنه‌: سبەی دوشەممە 18-12-2023، عێراقییەکان لە 15 پارێزگا (جگە لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان، کە لەو ژمارە 10 کورسی بۆ پێکهاتەکان تەرخانکراون.

لەدەنگدانی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق زیاتر لە 15 ملیۆن و 150 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیەو بەسەر حەوت هەزارو 166 بنکەدا دابەشکراون.

بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، 38 هاوپەیمانی و 163 پارت و كاندیدی‌ سەربەخۆ، پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن و تیاییدا 16 ملیۆن کەس مافی دەنگدانی هەیە، 17 ملیۆن کاغەزی دەنگدان چاپکراوەو ڕۆژی 18ی ئەم مانگەش لە 48 هەزار وێستگە پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت کە بەسەر حەوت هەزارو 765 بنکە دابەشبووە.

لە کۆی 285 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکان، 75 کورسی بۆ كۆتای‌ ئافرەتان‌و 10 کورسیش بۆ پێکهاتەکان دیاریکراوە، ژمارەی کورسیی ئەنجومەنەکان لەپارێزگاکان بریتین لە 49 کورسی لەپارێزگای بەغدا، 26 کورسی لەپارێزگای نەینەوا، 22 کورسی لەپارێزگای بەسڕە، هەریەک لەپارێزگاکانی بابل و زیقار 18 کورسی، هەروەها 16 کورسی لە پارێزگای ئەنبار، هاوکات 15 کورسی بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی نەجەف، سەڵاحەددین، کەرکووک و، دیالە دیاریکراوە، 14 کورسیش بۆ هەریەک لە پارێزگاکانی واست و قادسیە و، 13 کورسیش بۆ پارێزگاکانی کەربەلا و میسان، هەروەها 12 کورسیش بۆ پارێزگای موسەننا تەرخانکراوە.

هاوکات لەو 75 کورسییەی بۆ ئافرەتانیش دیاریکراوە، دابەشبووە بەسەر پارێزگاکانی عێراق بەشێوەیەک، 13 کورسی بۆ پارێزگای بەغدا، حەوت کورسی بۆ پارێزگای نەینەوا، شەش کورسی بۆ پارێزگای بەسڕە، هەریەک لە پارێزگاکانی زیقار و بابل پێنج کورسی، هەریەک لە پارێزگاکانی ئەنبار، قادسیە، دیالە، نەجەف، سەلاحەددین، کەربەلا، کەرکووک، میسان و واست چوار کورسی، سێ کورسیش بۆ پارێزگای موسەننا.

بەپێی دوایین هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی پلاندانان، پێکهاتەکان لەسەدا پێنجی دانیشتووانی عێراق پێکدەهێنن و دابەشبون بەسەر، کوردانی فەیلی، تورکمان، کلدان، کریستیان، سابیئەی مەندائی، ئێزیدی،ئاشوری و ئەرمەن.

بەپێی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 10 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بۆ پێکهاتەکان دیاریکراون بەمشێوەیە: لەبەغدادی پایتەخت هەر یەکە لەکوردانی فەیلی، سابیئەی مەندائی و کرسیتیانەکان کورسییەکییان بۆ تەرخانکراوە. لە پارێزگای بەسرە کورسییەک بۆ کرسیتیانەکان و لە پارێزگای نەینەواش شەبەک، کرسیتیان و ئێزیدی هەر یەکەیان کورسییەکیان بۆ تەرخانکراوە. لەواست یەک کورسی بۆ کوردانی فەیلی، لە کەرکووک یەک کورسی بۆ کرسیتییانەکان و لە پارێزگای میسانیش کورسییەک بۆ سابیئەی مەندائی دیاریکراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×