سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق داوا لەکۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات "گەرەنتیی دوبارەنەبونەوەی هەڵە تەکنيكییەکان"ی رۆژی هەڵبژاردنی تایبەت لەرۆژی هەڵبژاردنی گشتی ئەنجومەنی پارێزگاکان بداتو سەرۆکی کۆمسیۆن-یش دهڵێت، ئەو سندوقی دەنگدانانەی گرفتیان بۆ دروستبو براونەتە ناوەندی وردبینیو سەرجەم داتاکان پارێزراون، لەپرۆسەی دەنگدانی گشتیش ئەو گرفتانە دوبارە نابێتەوە.
ئاوێنه: دوێنێ شهممه پرۆسەی دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەرێوەچو، لەهەندێک لەناوەندەکانی دەنگدان کێشە بۆ ناردنی ئەنجامەکان بەشێوەی ئەلیکترۆنی بۆ سهنتهری سهرهكی تۆماركردنی داتاكانی كۆمسیۆن لهبهغدا دروستبو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لەراگەیەندراوێکدا "نیگەرانی قوڵ"ی خۆی لەکێشە تەکنیكیەکانی رۆژی هەڵبژاردنی تایبەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەربڕیو ڕایگهیاند، پەرۆشن بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەرکە دەستورییەکانی خۆی جێبەجێبکات "بەمەبەستی پاراستنی دەنگی دەنگدەران، مافی کاندیدانو دڵنیابونەوە لەوردبینیو دوبارەنەبونەوەی هەڵەکان لەکاتی دەنگدانی گشتی بەتایبەت کە ژمارەی بنکەو وێستگەکانی دەنگدان زۆر لەهەڵبژاردنی تایبەت زیاترن".
وەکو ئەوەی لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پێویستە کۆمیسیۆن گەرەنتی تەواو بۆ دوبارەنەبونەوەی هەڵە تەکنییەکان و سەلامەتی ئەو ئامێرانەی بەکاردەهێندرێن رابگەیەنێت، بەتایبەت کە یاسای هەڵبژاردنەکان کۆمیسیۆنی پابەندکردووە بەگرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی پشکنینی سەربەخۆو ئەنجامدانی تاقیکردنەوە بۆ دڵنیابونەوە لەهەموو رێکارەکان و دابینکردنی گەرەنتی پێویست بۆ پارێزگاریکردن لەو سندوقانەی دەنگدان کە دەنێردرێن؛ بۆ ئەوەی دەستکاری لەئەنجامەکان نەکرێت".
لای خۆیهوه، عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژمارەیەک لەئامێرەکانی هەڵبژاردنی هەندێک لەنوسینگەکانی دەنگدانی تایبەت، لەکاتی ناردنی ئەنجامەکان توشی گرفت بوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپشبەستن بەیاسای ژمارە 4ی ساڵی 2023، ئەگەر هاتو ناردنی ئەنجامەکانی دەنگدان لەئامێرەکانەوە بۆ سەنتەری پۆلێنکردن گرفتی بۆ دروستبوو لەماوەی شەش کاتژمێردا گرفتەکە چارەسەر نەکرا، ئەوا سندوقەکانی دەنگدان لەناوەندەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەری پۆلێنکردن و دەنگەکان بەشێوازی دەستی دەژمێردرێن.
سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەوەشی خستەڕو، ئەو سندوقانەی لەهەندێک لەناوەندەکانی دەنگدان گرفتی بۆ دروستبو، لەلایەن لیژنەی ئەمنیی کۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەکان داخراون و براونەتە ناوەندی وردبینی.
باسی لەوەشکرد، کاغەزەکانی دەنگدان و داتای دەنگدان لەئامێرەکاندا پارێزراون، دوای ئەوەی تەکنیکارەکانی کۆمپانیای "میرۆ"ی کۆری پشکنینیان بۆ ئامێرەکان کردووه دوپاتیانکردەوە کە ئەو کێشەیە لەدەنگدانی گشتی دوبارە نابێتەوە.
سبەی دوشەممە 18-12-2023، عێراقییەکان لە 15 پارێزگا (جگە لەپارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاکان.