ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای مەهسا ئەمینی هەڵپەسارد
  2023-12-24       538       

ژمارەیەک لەچالاکانی ئێرانی-ئەمریکی نیگەرانی خۆیان سەبارەت بەڕاگرتنی پرۆسەی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای ناسراو بە"یاسای مەهسا ئەمینی" لەلایەن ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاوە دەربڕیوە.

چالاکانی ئێرانی-ئەمریکی ڕونیانکردۆتەوە کە “سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا ڕەتیدەکاتەوە هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێت بۆ پەسەندکردنی ئەو  پرۆسەیە کە سزا بەسەر ڕێبەرانی ڕژێمی ئێراندا دەسەپێنێت”.

پلانی هەردوو پارتی دیموکرات‌و کۆمارییەکان بۆ "یاسای مەهسا-ئەمینی" پێشتر بەزۆرینەی ڕەهای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پەسەندکراوەو پلانێکە کە ئامانجی سزادانی بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، لەنێویاندا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئێران‌و ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرکۆماری وڵات بەتۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەئێران.

مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەزۆرینەی  410 دەنگی بەڵێ دەنگی بەپڕۆژەیاساکەدا، لەبەرامبەردا 3 نوێنەریش دەنگی نەخێریان دا، لەهەمانکاتدا بڕیارێکیشی دەرکرد کە تێیدا سەرکوتکردنی بەهائییەکانی ئێرانی سەرکۆنە کرد.

هەرچەندە چەند مانگێک تێپەڕیوە بەسەر پەسەندکردنی "یاسای مەهسا-ئەمینی" لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە بەزۆرینەی زۆرینەی دەنگ؛ بەڵام تائێستا ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دەنگی لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە نەداوە.

نیک نیکبەخت چالاکێکی ئێرانی-ئەمریکییە، بن کاردینی سێناتۆری دیموکرات‌و سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکای تۆمەتبارکردوە بەوەی هۆکاری هەڵپەساردنی دەنگدانە لەسەر “پڕۆژەیاسای مەهسا-ئەمینی” .

بن کاردین کە ماوەیەک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوەو لەکاتی کارکردنیدا لەکۆنگرێس چەندین پڕۆژەیاسای تایبەت بەحاڵەتەکانی مافی مرۆڤی ئێرانی پەسەندکردوە، بۆیە نارازییبونی نوسینگەکەی لەهەنگاونان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای مەهسا ئەمینی شۆکێکە بۆ ژمارەیەکی زۆر لەچالاکان.

بەشێک لەچالاکانی ئێرانی-ئەمریکی لەسەر پلاتفۆرمی “X” نوسیویانەو پرسیاریان لەکاردین کردوە:“بۆچی ڕەتیدەکەیتەوە ئەو ڕەشنوسی یاسایە پەسەندبکەیت کە سەرکردەکانی ڕژێمی ئێران بەرپرسیار دەکات لەپێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ‌و پشتیوانیکردن لەتیرۆریستانی حەماس؟”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×