ژمارەی كوژراوەكانی غەزە نزیك دەبێتەوە لە ٢١ هەزار كەس
  2023-12-27       288       

وەزارەتی تەندرووستی غەزە نوێترین ئاماری قوربانییەكانی غەزەی بڵاو كردەوە، كە لە دەستپێكی شەڕەوە تا ئێستا ٢٠ هەزار و ٩١٥ هاوڵاتیی فەڵەستینی كوژراون و ٥٤ هەزار و ٩١٨ كەسیش برینداربوون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندرووستی غەزە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لەبارەی ژمارەی كوژرا و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٢٠ هەزار و ٩١٥ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٥٤ هەزار و ٩١٨ كەس.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ملیۆنێك و ٩٠٠ هەزار كەس لە غەزە ئاوارە بوون و بە هەزاران خانوو و خوێندنگە و بینای حكومی و مزگەوت و كەنیسە زیانیان پێگەیشتووە.

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەمان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.

سوپای ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی شەڕی هێزەكانیان لەگەڵ حەماس لە مانگی تشرینی یەكەمەوە تا ئێستا ٤٩١ سەربازیان كوژراوە.

لە بەرەبەیانی ٧ـی مانگی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ چەكدارانی حەماس لە ڕێگەی هەزاران مووشەكەوە هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل، كە لە ئەنجامدا بە سەدان كەس بوونە قوربانیی و ئاوارە بوون، تا ئێستاش شەڕ و پێكدادانی نێوان چەكدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×