فەرماندەی پاسداران باسی “بنکەی سیخوڕیی ئیسرائیل” لە هەولێر دەکات
  2023-12-28       477       

سەرلەنوێ سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە مووشەکبارانەکەی ساڵی ڕابردوو، بنکەی سیخوڕیی ئیسرائیلی لە هەولێر کردووەتە ئامانج، ئەمەش دوای ئەوە هات کە میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران ڕایانگەیاند بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر بنکەیەکی سیخوڕیی ئیسرائیل لە هەولێر.

ئەمڕۆ پینجشەممە، حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ڕەزا موسەوی فەرماندەی باڵای پاسداران وتارێکی پێشکەش کرد کە لە ئاکامی بۆردومانێکی ئیسرائیل لە سووریا کوژرا.

سەلامی لە بەشێکی وتەکەیدا باسی لە مووشەکبارانەکەی ئاداری 2022 کرد کە ئێران کردیە سەر هەولێر و ڕایگەیاند، “ئێمە کە درۆنی ئەمریکا و هێلانەی سیخوڕی ئیسرائیلیمان لە هەولێر تێکشکاند ڕامانگەیاند کەوابوو ناترسین و ئەوەی کە ئەنجامی دەدەن ڕایدەگەیێنین”.

لێدوانەکەی فەرماندەی گشتی پاسداران دوای ڕاگەیەندراوێکی “مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق” هات کە باسی لەوە کردووە دوێنی چوارشەممە، لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە “سەنتەرێکی تەکنیکی سیخوڕیی ئیسرائیل”یان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر کردووەتە ئامانج.

جەختکردنەوەی ئێران و میلیشیا شیعەکان لەسەر بوونی بنکەی هەواڵگریی ئیسرائیل لە هەولێر لە کاتێکدایە کە بەردەوام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتە ڕەتدەکاتەوە و ئەو لیژنەیەش کە حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە بارەی مووشەکبارانەکەی 2022 پێکیهێنا، هیچی لەو بارەیەوە نەسەلماند.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×