قائانی بۆ ئەمریكا: لەو رەفتارانەتان بەردەوام بن مقاوەمەی عێراق بەشێوەیەكی تر وەڵامتان دەداتەوە
  2023-12-30       592       

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لەبارەی دوایین هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بۆسەر کەتیبەکانی حیزبوڵاو چەند گروپێکی چەکداری دیکە لە عێراق، دەڵێت، "ئەگەر لەو رەفتارانەتان بەردەوامبن، مقاوەمەی عێراق بە جۆرێکی دیکە وەڵامتان دەداتەوە".

 ئاوێنە: ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی فەرماندەیەکی کوژراوی سوپای پاسداران، جارێکی دیکە رەتیکردەوە ئێران دەستی هەبێت لە هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەری حەماس بۆسەر خاکی ئیسرائیل.

وتیشی"ئەو هێرشە بە بڕیاری حەماس و مقاوەمەی فەلەستین بوە و هەر لەلایەن ئەوانیشەوە پلانی بۆ داندراوە".

رۆژی سێشەممە، 26ـی کانونی یەکەم، بە فەرمانی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردە سەر سێ شوێنی سەر بە کەتائیبی حیزبوڵا و گروپە چەکدارەکانی دیکە. دوای هێرشەکە جۆ بایدن لەوتارێکدا رایگەیاند، "ئەو هێرشانە وەڵامێک بون بۆ وەستاندنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران".

بەڵام ئیسماعیل قائانی بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو هێرشەی ئەمریکا بدات، پەیامێکی ئاراستەی واشنتن کرد و وتی؛ "ئەگەر درێژە بەو رەفتارە نالۆژیکییانەتان لە عێراق بدەن، موقاوەمەی عێراق تێبینییەکان وەلادەنێت و بەشێوەیەکی دیکە وەڵامتان دەداتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×