كەشتییەكی جەنگی ئێران چوە نێو دەریای سور
  2024-01-01       586       

لەگەڵ هەڕەشەی بەریتانیا بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی حوسییەكانی یەمەن لە دەریای سور، میدیاكانی نزیك لە سوپای پاسداران دەڵێن، كەشتی جەنگی ئەلبورز، سەر بە سوپای ئێران بە گەروی بابولمەندەبدا تێپەڕیوەو چۆتە نێو دەریای سور.

ئاوێنە: ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی، ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردۆتەوە، كەشتی جەنگی ئەلبورز بە گەروی بابولمەندەبدا تێپەڕیوەو چۆتە نێو دەریای سور.

ئەوەشی خستۆتەڕو، كەشتییە جەنگییەكانی ئێران لە ساڵی 2009ەوە لەناو ئاوە ئازادەكاندا كاردەكەن بۆ "دابینكردنی ئاسایشی بارەكان و روبەڕوبونەوەی چەتەكان و بەجێهێنانی چەند ئەركێكی دیكە."

ئەوەش لەكاتێكدایە كە ئەمڕۆ دوشەممە، محەمەد عەبدولسەلام، ئەندامی مەكتەبی سیاسی گروپی حوسییەكان، لە تاران چاوی كەوت بە چەند بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی ئێران. ئەو دوێنێ یەكشەممەش چاوی بە هەلی ئەكبەر ئەحمەدیان، سكرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاساییشی نەتەوەیی ئێران كەوتبو.

دوێنێش هێزەكانی ئەمریكا هێرشێكیان دژی حوسییەكان ئەنجامداو لە ئاكامدا 10 حوسی كوژران و سێ بەلەمیشیان لەناوبران. فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا وتبوی، ئەو سێ بەلەمە لەگەڵ بەلەمێكی دیكەدا ویستویانە لە كەشتییەكی بارهەڵگری بازرگانی نزیك بننەوەو هێرشی بكەنەسەر.

لەدوای ئەوە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری ئێران رایگەیاند، بەرپرسیارێتی رێگریی لە هێرشی حوسییەكان لە ئەستۆی ئێرانە. بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، وتی، وڵاتەكەی هەر جۆرە تۆمەتێك لەمبارەیەوە رەتدەكاتەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەم روداوانەی ئەمڕۆدا، گراند شاپس، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، سوپای وڵاتەكەی ئامادەیە هێرشبكاتە سەر ئەو چەكدارە حوسیانەی لەنێو دەریای سور پەلاماری كەشتییە بارهەڵگرەكان دەدەن.

ئەوەش لەكاتێكدایە مانگی رابردو هێزێكی فرەنەتەوە بە سەرۆكایەتی ئەمریكا لە دەریای سور بۆ پاراستنی كەشتییە بارهەڵگرەكان جێگیركرا كە لەنێو ئەو هێزە یەك كەشتی جەنگی بەریتانی هەیە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×