ژمارەی كوژراوانی دو تەقینەوەكەی ئێران بەرزبوەوە
  2024-01-03       447       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دو تەقینەوە لە نزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری كرمانی ئێران رویاندا. بەپێی قسەی وتەبێژی دەزگای فریاكەوتنی ئێران، تاوەكو ئێستا ژمارەی كوژراوانی دو تەقینەوەكە گەیشتۆتە 73 كەس و 170 كەسیش برینداربون. دەشڵێت، ئەگەری زیادبونی ژمارەی كوژراوان هەیە.

ئاوێنە: تەقینەوەكان هاوكاتن لەگەڵ یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كە خەڵکێکی زۆر چونەتە سەر گۆڕەکەی لە شاری کرمان.

ئێوارەی ئەمڕۆ بابەك یەكتاپەرست، وتەبێژی دەزگای فریاكەوتنی ئێران، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی وتوە، هەردو تەقینەوەكە لە دو شوێنی نزیك لە گۆڕی قاسم سولەیمانی و نزیك لە شوێنی بەڕێوەچونی رێوڕەسمی یادكردنەوەی رویانداوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، تاوەكو ئەم ساتە كوژرانی 73 كەس بەهۆی دو تەقینەوەكەوە یەكلابۆتەوەو هەروەها 170 كەسیش برینداربون كە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەكان.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەگەری زیادبونی ژمارەی كوژراوانی تەقینەوەكان هەیەو هێشتا ئامارێكی ورد لە بەردەستدا نییە.

میدیای رەسمی ئێران لە زاری سەرچاوە ئەمنییەكانی پارێزگای كرمانەوە جەختی كردۆتەوە كە "دو تەقینەوەكە تیرۆریستی بون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×