نوێترین ئاماری تەقینەوەكانی ئێران؛ 103 كەس كوژراون
  2024-01-03       550       

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دو تەقینەوە لە نزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری كرمانی ئێران رویاندا. بەپێی قسەی وتەبێژی دەزگای فریاكەوتنی ئێران، تاوەكو ئێستا ژمارەی كوژراوانی دو تەقینەوەكە گەیشتۆتە 103 كەس.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دو تەقینەوە لە نزیك گۆڕی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رویاندا كە ئەوەش هاوكات بو لەگەڵ یادی چوار ساڵەی کوژرانی ناوبراو كە خەڵکێکی زۆر چوبونە سەر گۆڕەکەی لە شاری کرمان.

بابەك یەكتاپەرست، وتەبێژی دەزگای فریاكەوتنی ئێران، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی وتوە، ژمارەی كوژراوانی هەردو تەقینەوەكە بەرزبۆتەوە بۆ 103 كەس بەهۆی گیانلەدەستدانی بەشێك لە بریندارەكان و وتیشی، ئێستا ژمارەی بریندارەكان 211 كەسە.

هاوكات ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران تەقینەوەكانی بە "تیرۆریستی" ناوبردون و رایگەیاندوە، تەقینەوەی یەكەم سەعات 3ی پاشنیوەڕۆ رویداوەو كاتێك زۆرێك لە بەشدارانی رێوڕەسمی ساڵیادی كوژرانی سولەیمانی رۆشتون بە هانای بریندارەكانەوە، نزیكەی سەعات 3:20 خولەك تەقینەوەی دوەم رویداوە، بۆیە زۆربەی كوژراو و بریندارەكان بەهۆی تەقینەوەی دوەمەوە بونەتە قوربانی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×