ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە
  2024-01-04       388       

بڕیار بوو ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران سەردانی توركیا بكات و لەگەڵ سەرۆكی توركیا كۆببێتەوە، بەڵام سەردانەکەى بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندەوە.

ئاوێنە: میدیاكانی ئێران لەبارەی هەڵوەشاندەوەی سەردانی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆك كۆماری ئێران بۆ توركیا زانیاری نوێیان بڵاو كردەوە.

بڕیار بوو ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆكی ئێران بە یاوەری شاندێكی باڵای سیاسیی و ئابووریی سەردانی توركیا بكات، هەروەها بڕیاریش بوو كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ سەرۆكی توركیا ئەنجام بدات و دواتر بەشداری لە هەشتەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای هاوكاری ئێرانی – توركی بكات.

ئاماژە بەوەش كراوە، بەهۆی تەقینەوەكەی دوێنێی پارێزگای كرمان لە ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانەكەی ئەمڕۆی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە.

جێگەی ئاماژەیە، بڕیاربوو ڕۆژی ٢٨ی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئیبراهیم ڕەئیسی سەردانی توركیا بكات، بەڵام سەرۆكایەتی توركیا لەو كاتەدا ڕایگەیاند، كە ئەو سەردانە ئەنجام نادرێت، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ڕوون بكاتەوە.

هاوکات دوێنێش تەقینەوەیەک لە نزیک مەزاری قاسم سلێمانی لە شاری کرمانی ئێران ڕوویدا و بەپێی ئامارەکان نزیکەى ١١٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ٢٠٠ کەسیش بریندار بوون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×