دەزگای هەواڵگری ئێران ناسنامەی یەکێک لە هێرشبەرەکان ئاشکرا دەکات
  2024-01-05       590       

ئێوارەی ئەمڕۆ وەزارەتی هەواڵگری ئێران لە یەکەم ڕاگەیاندنی خۆیدا سەبارەت بە ڕووداوەی تەقینەوەکانی شاری کرمان ڕایگەیاند: لە کۆی ئەو دوو خۆکوژە، یەکێکیان بە ڕەگەزنامەی تاجیکستان بووە و هێشتا ناسنامەی تیرۆریستی دووەم بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان نەکراوە.

ئاوێنه‌: ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لە ڕاپۆرتێکدا بە پشتبەست بە زانیارییە سەرەتاییەکانی وەزارەتی هەواڵگری وڵاتەکەی ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی هەواڵگری ئێران توانیویتی یەکەم شوێنەواری چەتەکانی داعش بدۆزنەوە، و بەمەبەستی دەستنیشانکردنی هاوکارەکانی دیکەی کردەوە خۆکوژییەکە.

وەزارەتی هەواڵگری ئێران ئاماژە بەوەداوە، لە دوو خۆکوژەکەی شاری کرمان یەکێکیان ڕەگەزنامەی تاجیکستانی هەبووە و هێشتا ناسنامەی تیرۆریستی دووەم بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەستنیشان نەکراوە.

ئاشکراشی دەکات، لە هەوڵەکانی هەواڵگریدا ناسینەوەی بریکارەکانی گواستنەوەی تیرۆریستان بۆ ناو وڵات تاوتوێکراو ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو بریکارانە ئێوارەی ڕۆژی ڕووداوەکە ئەنجامدراوە، ڕۆژی دواتری ڕووداوەکە توانراوە شوێنی نیشتەجێبوونی دوو تیرۆریستە خۆکوژەکە لە جەرگەی شاری کرمان و دوو کەسی پاڵپشتیکاریان دەستنیشان بکرێت کە هەر زوو دەستبەسەرکران.

هەواڵگری ئێران زانیاری زیاتری لەسەر ڕووداوەکە پشتڕاست دەکاتەوە و دەڵێت: لە درێژەی ئۆپەراسیۆنی شوێن پێ هەڵگرتنی تیرۆریستاندا، توانراوە نۆ کەس لە تۆڕی پشتیوانیکاری تیمی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە لە شەش پارێزگای وڵاتەکە دەستنیشانبکرێن و تا کۆتا کەسی پاڵپشتیکاریان لە هەر ئاستێکدا بن بەردەوامی دەبێت.

ڕوونیشیدەکاتەوە، دەرنەکردنی بەیاننامە تا ئەم ساتە بەهۆی دۆزینەوەی کەرەستەی تەقەمەنی ئامادەکراو بوو لە شوێنی نیشتەجێبوونی تیرۆریستان تا بتوانین بە هۆییەوە کەسانی تر دەستنیشان بکەین و بەگشتیش لە شوێنی مانەوەیان دوو بەدلەی بۆمبڕێژکراو، دوو ئامێری ڕیمۆت کۆنترۆڵ و دوو پشتێنی تەقەمەنی و وایەری ئامادەکراو و کەرەستەی خاوی تەقینەوە بینراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×