رۆژنامەیەك: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیاو ئیسرائیل زیادیكردوە
  2024-01-06       718       

رۆژنامەی "زە كرەیدڵ" لە راپۆرتێكدا ئاشكرایدەكات كە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیاو ئیسرائیل بەڕێژەی لەسەدا  34.8 زیادیكردوە ئەوەش لەكاتێكدایە كە توركیا بەردەوام ئیدانەی هێرشەكانی ئیسرائیل دەكات لەدژی غەززە.

ئاوێنە: بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە، هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا 319.9 ملیۆن دۆلار بوە بەڵام لە مانگی كانونی یەكەمی هەمان ساڵدا بەرزبۆتەوە بۆ 430.6 ملیۆن دۆلار كە ئەوەش بەرزترە لە قەبارەی هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی تۆفان لەلایەن حەماسەوە.

ئیبراهیم قەهوەچی، شارەزای ئابوریی توركی وتویەتی، چۆن دەبێت هەناردەی توركیا بۆ ئیسرائیل بەوشێوەیە زیاد بكات، لەكاتێكدا ئەردۆغان لێدوانی ئاگرین دژی ئیسرائیل دەدات.

لەدوای دەستپێكردنی شەڕی غەززەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا چەندین لێدوانی توندی دژی ئیسرائیل داوەو لە یەكێك لە لێدوانەكانیدا رایگەیاندوە كە دەبێت بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل هاوشێوەی سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ دادگایی بكرێت.

ئیبراهیم قەهوەچی ئاماژەی بەوەداوە كە بیلال ئەردۆغان، كوڕی ئەردۆغان لەم دواییانە داوای لە خەڵكی توركیا كردوە بایكۆتی هەمو شتێكێ ئیسرائیل بكەن لەكاتێكدا "بوراك"ی برای خاوەنی ئەو كەشتیانەیە كە كاڵا لە توركیاوە بۆ ئیسرائیل دەگوازنەوە.

لە مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردودا، رۆژنامەنوس مەتین جەیهان پەیوەندیی نێوان بوراك ئەردۆغان و كۆمپانیا ئیسرائیلییەكانی ئاشكراكردو رایگەیاند، كاتێك لە 17ی تشرینی دوەم ئەردۆغان ئیدانەی بۆمبارانكردنی نەخۆشخانەیەكی غەززەی لەلایەن ئیسرائیلەوە دەكرد، كۆمپانیاكەی بوراكی كوڕی خەریكی بارداگرتن بو لە بەندەرێكی ئیسرائیل.

ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەشداوە، كاتێكدا ئەردۆغان لە 28ی تشرینی دوەم رەخنەی لە ئیسرائیل دەگرت و داوای لە خەڵك دەكرد خۆپیشاندان بكەن لە دژی ئەو وڵاتە، كەشتی كوڕەكەی بە بارەوە بە گەروی جەبەل تاریقدا دەپەڕییەوە بەرەو ئیسرائیل.

لەدوای ئاشكرابونی پەیوەندی بازرگانی خێزانی ئەردۆغان لەگەڵ كۆمپانیا ئیسرائیلییەكان، لە سەرەتای مانگی كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا، هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا بەرگریی لە بازرگانی دوقۆڵی نێوان توركیاو ئیسرائیل كردو رایگەیاند، ئەو پەیوەندییە زیان بە دۆزی فەلەستین ناگەیەنێت.

ئەو رۆژنامەنوسە ئاماژەی بەوەشدابو كە ئەو بارانەی توركیا بۆ ئیسرائیلی ناردون چەكیشیان لەخۆگرتوەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان كۆمپانیا توركییەكان و ئیسرائیلییەكان بەشێوەیەكی ئاسایی بەردەوام بوە، وێڕای لێدوانە توندەكانی ئەنقەرە بەرامبەر بە تەلئەبیب.

پەیمانگای ئاماری توركیا (TurkStat)، ئاماژەی بەوەداوە، ناردنی چەك لەلایەن توركیاوە بۆ ئیسرائیل جێی سەرنج بوەو لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردودا بەبەهای 105 هەزار دۆلار پارچە چەكی بۆ ئیسرائیل ناردوەو لەساڵی 2023دا قەبارەی هەناردەی چەك لە توركیاوە بۆ ئیسرائیل گەیشتۆتە 823 هەزارو 112 دۆلار.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×