هێرشکرایە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر و دەستی بەسەردا گیرا
  2024-01-11       459       

لە سنوورە ئاوییەکانی نێوان عوممان و ئێران چەند چەکدارێک دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت و دەوترێت، بەرەو ئێران ئاڕاستەکراوە.

بەشی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییەکانی کەشتیوانی بەڕیتانیا رایگەیاند:" ئەمڕۆ چوارشەممە، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لە دەریای رۆژهەڵاتی کەناراوەکانی عوممان هێرشیکراوەتە سەر و دەستی بەسەردا گیراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو چەکدارانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە جلی رەشی سەربازییان لەبەردابووە و دەمامکیان کردووە، بەدواداچوونەکانمان دەستپێکردووە و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکرێت".

لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیای ئەمنیی دەریایی بەڕیتانیا ئاشکرایکرد:" ئەو کەشتییەی دەستی بەسەردا گیراوە لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی هەڵگرتنی نەوتی ئێرانەوە دادگایی کراوە و لەلایەن ئەمەریکاوە دەستی بەسەردا گیرابوو".
راپۆرتە هەواڵییەکان باس لەوەدەکەن، دوای دەستبەسەردا گرتنی، رێڕەوی کەشتییەکە بەرەو ئێران گۆڕدراوە، هەروەها ئەگەری هەیە ئەو کەشتییە کەشتی سوێز راجان بێت کە ماوەیەک پێش ئێستا لە گاڵستۆن کە 80 کیلۆمەتر لە هیوستنی ئەمەریکاوە دوورە راگیرا و دەستی بەسەردا گیرا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز دەڵێت، تاوەکو ئێستا هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە رووداوەکە نەداوەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا و دووای دەستپێکردنی شەڕی غەززە، حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سوور دەستیان بەسەر چەندین کەشتیدا گرتووە و دواتریش ئەمەریکا ئێرانی بە هاوکاریکردنی ئەو گروپە چەکدارە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە تۆمەتبارکرد. 

شەوی رابردوو تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیارێکیان پەسەندکرد کە تیایدا داوای دەستبەجێ راگرتنی هێرشی حوسییەکانی یەمەن لە دەریای سووردا دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×