كاردانەوەی ئێران، سعودیەو روسیا لەسەر هێرشەكەی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر حوسییەكان
  2024-01-12       738       

ئێران بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر حوسییەكانی یەمەن دەكات و سعودیە داوای دانبەخۆداگرتن و روسیاش داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوبارەیەوە دەكات.

ئاوێنە: ناسر كەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی بەتوندی ئیدانەی هێرشەكانی ئەمریكاو بەریتانیا دژبە حوسییەكانی یەمەن دەكات و هێرشەكان "هەنگاوێكی سەرەڕۆیانەو پێشێلی ئاشكرای سەروەریی و یەكپارچەیی خاكی یەمەن و پێچەوانەی یاساو پەیماننامە نێودەوڵەتییەكانن."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشەكانی بە "بەردەوامی پشتیوانی تەواوەتی ئەمریكاو بەریتانیا" بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەززە ناوبرد و وتیشی، ئەو هێرشانە جگە لە دروستكردنی ناسەقامگیری لە ناوچەكە "هیچ ئەنجامێكی تریان نابێت."

ئێران پاڵپشتی دارایی و چەكی حوسییەكانی یەمەن دەكات و ئەمریكاو بەریتانیا بەر لە هێرشەكانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ وتبویان، بەرپرسیارێتی هێرشەكانی حوسییەكان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سور، لەئەستۆی ئێراندایە.

هەر ئەمڕۆ سعودیە، كە لەساڵی 2015ەوە سەركردایەتی ئۆپەراسیسۆنە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی دەكات دژبە حوسییەكان، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی هێرشەكانی ئەمریكاو بەریتانیاوە وتی، سعودیە بەوپەڕی نیگەرانییەوە چاودێری هێرشە سەربازییەكان لە ناوچەی دەریای ناوەڕاست و هەروەها هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر چەند پێگەیەك لە یەمەن دەكات.

سعودیە وتوشیەتی، ئەوان لەكاتێكدا كە پێداگری لەسەر گرنگی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی دەریای سور دەكەن، داوای دانبەخۆداگرتن و دوركەوتنەوە لە بارگرژیی دەكەن.

هەر ئەمڕۆ نوێنەری هەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەكگرتوەكان رایگەیاند، وڵاتەكەی داوای كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردوە لەبارەی هێرشەكانی ئەمریكاو بەریتانیا بۆ سەر یەمەن و داوای كردوە كۆبونەوەكە ئەمڕۆ هەینی ئەنجام بدرێت.

هاوكات ماریا زاخارۆفا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا، ئیدانەی هێرشەكانی كردو رایگەیاند، پێشتر جەختمان لە نیگەرانی خۆمان بەرامبەر هەڵوێستی ئەمریكا كردەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی دەریاری سور كە ئەوە "تەنیا پاساوێكە بۆ زیاتر گرژكردنی دۆخی ناوچەكە."

ئەوەش لەكاتێكداكە رۆژی چوارشەممە، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە بڕیارنامەیەكدا داوای لە حوسییەكانی یەمەن كرد، كوتایی بە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سور بهێنن.

روسیاو چین وەك دو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و هەروەها جەزایر و مۆزەمبیق، دەنگیان بە بڕیارنامەكە نەدا، بەڵام 11 وڵات بە بەڵێ دەنگیان بۆ بڕیارنامەكە دا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×