ڕۆژنامەی تێلێگراف: ئەو ئەندامانەی حوسییەکان کە مووشەكه‌كان ده‌هاوێژن لە ئەکادیمیایەکی سەر بە سوپای پاسداران ڕاهێنانیان پێکراوە
  2024-01-12       591       

سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاشکرایان کردووە، ئەو ئەندامانەی میلیشیا حوسییەکان کە مووشەکیان ئاراستەی کەشتییەکی بەریتانیا کردووە لە دەریای سوور، لە ئەکادیمیایەکی دەریایی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە.

ئاوێنە: ڕۆژنامەی تێلێگراف بە پشتبەستن بە سەرچاوەکان باسی لەوەکردووە کە نزیکەی 200 ئەندامی حوسیییەکان لە ئەکادیمیای زانست و تەکنۆلۆژیای دەریایی خامنەیی لە کەناراوەکانی دەریای قەزوین ڕاهێنانیان پێکراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی گاردیانی بەریتانی، ئەکادیمیای خامنەیی لە ساڵی 2013 دامەزرا و لە ساڵی 2017 دا بووەتە بەرپرسی مەشق و ڕاهێنان بە ئەندامانی هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران و هەروەها ڕاهێنانی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

ڕۆژنامەکە باس لەوە دەکات، یەکەم مەشق و ڕاهێنان کە حوسییەکان تێیدا بەشدارییان تێدا کردووە، لە مانگی یەکی ساڵی 2020، بەنهێنی دوور لە مەشقپێکراوانی ئێرانی بۆ پاراستنی نهێنیی بابەتەکە ئەنجامدراوە.

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی جەختی  لەوەکردۆتەوە  کە ئەم مانۆڕانە بەڵگەی زیاترن بۆ تێوەگلانی ئێران لە هەوڵەکانی فراوانکردنی شەڕ لە کەرتی غەززە.

سەرچاوەکان لە ئێران ڕایانگەیاند کە ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە مانگی نۆڤەمبەری ڕابردوودا ڕۆڵی تایبەتیی لە گرژییەکانی دەریای سووردا بینیوە، چونکە داوای ناردنی چەکی زیاتری بۆ حوسییەکان کردووە.

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە کەشتیی جەنگیی ئێچ ئێم ئێس دایمۆندی بەریتانی بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لە یەمەنەوە نێردراوە هێرشی کراوەتە سەر، باسی لەوەشکردووە کە بەریتانیا خەریکە هێرشی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئامانجەکانی حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام بدات، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئامانجگرتنی کەشتییەکەی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×