ئاسایش رۆژنامەنوسێكی لەهەولێر دەستگیركرد
  2019-08-21       1846       

ئاسایشی هەولێر، ئەمڕۆ چوارشەممە رۆژنامەنوس بڕیار محەمەد، پەیامنیری ماڵپەڕی "رۆژنیوز"ی دەستگیر کردو ماڵپەڕەكەش دەڵێت"بۆ ڕەوایەتییدان بەو دەستگیرکردنە ئاسایش بەهانە دەهێننەوە.

 

ئاوێنە: ماڵپەڕی رۆژ نیوز لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ بڕیار محەمەد، پەیامنێری ماڵپەڕەكەیان مان لە شاری هەولێر، لەلایەن ئاسایشی 'تۆپزاوا'ی سەر بە هەولێرەوە دەستگیرکراوەو دواتر ڕەوانەی ئاسایشی هەولێر کراوە.

ماڵپەڕكە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بڕیار محەمەد، دوێنێ بەڕێوەبەرانی ماڵپەڕەكەیانی ئاگادارکردۆتەوە، کە ئاسایشی تۆپزاوا چونەتە ماڵی باوکی و ئاگاداریان کردونەتەوە، کە ناوبراو سەردانی بنکەکەیان بکات.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بڕیار محەمەد سەردانی ئەو بنکەیەی ئاسایشی کردوەو لەوێوە ڕەوانەی ئاسایشی ناوچەی خەبات کراوە، لەوێشەوە ڕەوانەی ئاسایشی گشتیی هەولێر کراوەو کاتژمێر ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ پەیوەندی بە هاوسەرەکەیەوە کردوە و پێی ڕاگەیاندوە "من لە ئاسایشی هەولێرم، چاوەڕێم مەکە"، دواتریش مۆبایلەکەی داخراوە.

ڕۆژنیوز پەیوەندیی بە د.تاریق نوری، بەڕێوبەری ئاسایشی گشتیی هەولێر-ەوە کردوە تا هۆکاری دەستگیرکردنی بڕیار محەمەد بزانێت، لە وەڵامدا تاریق نوری وتویەتی"بڕیار محەمەد پێشمەرگەیەو ئیجرائاتی سەربازیی لەگەڵ دەکرێت."

بەڵام رۆژنیوز ئەوەی خستۆتەڕو كە بە وتەی کەسوکارەکەی بڕیار محەمەد لە شەڕی دژ بە داعش-دا بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی فەرماندەییەکی پێشمەرگە بوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ داوایان لێکردوە وەک پێشمەرگە دەوام بکات، ئەویش قبوڵی نەکردوە و بەوهۆیەوە لەکار دوریان خستوەتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەک مانگە زوبێر برادۆستی، پەیامنێری رۆژنیوز لە برادۆست لەلایەن ئاسایشی سنورەکەوە دەستگیرکراوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×