بافڵ تاڵەبانی: كۆنگرەی نوێبونەوەو بێ پشكپشكێنە دەبەستین
  2019-08-25       694       

بافڵ تاڵەبانی، كوڕە گەورەی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردوی یەكێتی، جارێكی دیكە جەخت لەسەر بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی دەكاتەوەو دەشڵێت؛ كۆنگرەی نوێبونەوەو بێ پشكپشكێنە دەبەستین.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان چاویکەوتوە بە مانوج ماسیو، لێپرسراوی کاروباری سیاسی نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق و مونرەیادزی مۆتسی، راوێژکاری سیاسی و کاروان خۆشناو، لێپرسراوی نوسینگەی نەتەوەیەکگرتوەکان (یونامی) بۆ کاروباری سیاسی لە سلێمانی.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە دیدارێکدا دواپەرەسەندنە سیاسی و ئابوری و ئەمنییەکانی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە تاوتوێکراون و راشکاوانە بافڵ تاڵەبانی سەرنجی خۆی لەسەر ھاوکێشەکان و دۆخی سیاسی خستۆتەڕو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە بەرنامەی نوێی حکومەتی ھەرێم و پرسی چاکسازی و پەیوەندییەکانی ھەرێم و عێراق تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان ھەردولا بوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەدیدارەکەدا وەفدی میوان بەلایانەوە گرنگ بوە لەسەر بارودۆخی ناوخۆیی رێکخراوەیی و ھەڵوێست و سیاسەت و بڕیارەکانی یەکێتیی بەرچاو ڕونبن و لەبەرامبەردا بافڵ تاڵەبانی تیشکی خستۆتە سەر بڕیار و گۆشەنیگای یەکێتیی بۆ پرسەکان و تەئکیدیشی لە بەستنی کۆنگرەی نوێبونەوەو بێ پشکپشکێنە کردۆتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتریش چەند جارێك و لە چەند بۆنەیەكدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە بەستنی كۆنگرەی حزبەكەی كردۆتەوە بەشێوەیەك كە كۆنگرەیەكی "بێ تەفواق و بێ پشكپشكێنە" بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×