نیشانه‌كانی‌ هه‌وكردنی گه‌ده‌ چییه‌؟
  2019-08-30       1670       

ئا: ئاوێنە

 

نه‌خۆشییه‌كانی گه‌ده‌ هه‌روه‌ك نه‌خۆشییه‌كانی تری جه‌سته‌، ده‌بنه‌ هۆی تێكچونی باڵانسی نه‌خۆش‌و ناڕه‌حه‌تی ته‌ندروستی، هه‌وكردنی گه‌ده‌ش یه‌كێكه‌ له‌نه‌خۆشییه‌ به‌كتیریه‌كان‌و سه‌رچاوه‌كه‌ی به‌كتریای (H pylori) ی ناو گه‌ده‌یه‌.
زۆرینه‌ی خه‌ڵك ئه‌و به‌كتریایه‌ به‌شێوه‌ی گه‌شه‌ نه‌كردو له‌گه‌ده‌یاندا بونی هه‌یه‌ به‌ڵام كێشه‌و ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌یان بۆ دروست ناكات، به‌ڵام كاتێك هه‌لی بۆ بڕه‌خسێت بۆ گه‌شه‌كردن ئه‌وكات ده‌بێته‌ هۆی برینی گه‌ده‌ یان برینی دوانزه‌گرێ‌و ئه‌گه‌ر چه‌ند ساڵێك بمێنێته‌وه‌ دیواری گه‌ده‌ ته‌نك ده‌كات‌و ناهێڵێت ترشه‌ڵۆكی ناوگه‌ده‌ كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات‌و هه‌ندێكجاریش له‌وه‌ زیاتر په‌ره‌ده‌سه‌نێت‌و ده‌بێته‌ هۆی شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌.

له‌وباره‌وه‌ د.محمد عه‌بدولڕه‌حمان محەمەد پسپۆڕی نه‌خۆشیه‌كانی هه‌ناوو گه‌ده‌، زانیاری زیاتر ده‌خاته‌ڕو ده‌ڵێت "ئه‌م به‌كتریایه‌ %90 ی خه‌ڵكی وڵاتانی وه‌كو ئێمه‌ له‌گه‌ده‌یاندا هه‌یه‌ به‌ڵام زیانی نیه‌، ئه‌م نه‌خۆشییه‌ درمه‌ له‌كه‌سێكه‌وه‌ بۆكه‌سێكی تر له‌ڕێگه‌ی لیك یا رشانه‌وه‌ یان پاشه‌ڕۆوه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌".

ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ هۆكاره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌م به‌كتریایه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هه‌ڵكه‌وته‌و تایبه‌تمه‌ندی جه‌سته‌ی هه‌ندێك نه‌خۆش‌و جیاوازی له‌توانای به‌رگری له‌شی مرۆڤه‌كان‌و تواناو هێزی به‌كتریاكه‌.

سه‌باره‌ت به‌ده‌ستنیشانكردنی ئه‌م به‌كتریایه‌ د.محمد عبدولڕه‌حمان باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ڕێگه‌ی پشكنینی‌ خوێنه‌وه‌ له‌تاقیگه‌ ده‌ستنیشان ده‌كرێت، به‌ڵام ناتوانرێت چالاكبون‌و چالاكنه‌بونی دیاری بكرێت به‌ڵام له‌ڕێگه‌ی پاشه‌ڕۆوه‌ باشتر ئه‌وجۆره‌ به‌كتریایه‌و چالاكیه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێت.

بۆ چاره‌سه‌ركردنی حاڵه‌ته‌كانی هه‌وكردنی گه‌ده‌ ئه‌و پزیشكه‌ پسپۆڕه‌ ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر به‌كتریاكه‌ له‌گه‌ده‌دا نه‌بوه‌ هۆی نه‌خۆشخستن ئه‌وا پێویست به‌چاره‌سه‌ر وه‌رگرتن ناكات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر برینی گه‌ده‌ یان تێكچونی گه‌ده‌ی به‌دواوه‌ بو یاخود توشی ماڵتۆما بو ئه‌وكات پێویسته‌ نه‌خۆش چاره‌سه‌ره‌كانی قه‌ڵاچۆكردنی به‌كتریا به‌كاربهێنێت له‌نمونه‌ی (clarithromycin, ppi, amoxil).

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×