بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ نووسراوێکی گشتاندووە بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستان و وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی ڕاگەیاندووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی٢ بە مەبەستی پاراستنی سامانی ماسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەری گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری نوسراوێکی بە ژمارە (569) دەرکردووە، تێیدا پارێزگاکان و ئیدارەسەربەخۆکانی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە (5/3/2024 تاوەکوو 15/6/2024) لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە بەنداوی مووسڵ وەرزی قەدەغەی راوکردنی ماسییە.
هەر لە نوسراوەکەدا هاتووە لە 16/6/2024 بڕیارەکە کۆتایی دێت و راوکردن ئاسایی دەبێتەوە.
هەروەها لە (1/4/2024) تاوەکو (1/7/2024) لە بەنداوی مووسڵ ڕاوەماسی قەدەغە دەبێت و لە (2/7/2024) راوکردن ئاسایی دەبێتەوە.
هەر بەپێی نوسراوەکە لە هەموو کاتەکانی ساڵدا ڕاوەماسی بە (کارەبا، ماددە ژەهراوییەکان، تەقەمەنییەکان و تۆڕی کون ورد) قەدەغەیە.
ساڵانە لە هەرێمی کوردستان وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی ڕادەگەیەنرێت، چونکە لەو ماوەیەدا ماسی گەرا دادەنێت و بە ماوەی زیادبوونی سامانی ماسی هەژمار دەکرێت، هەربۆیە ڕاوکردن قەدەغەیە.