فازڵ نەبی: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوی تریان لە دژی هەرێم بەدوادا دێت
  2024-02-28       758       

دكتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق پلانەکانی "بە لەسەرخۆیی" دژی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەنگاوی تریشیان لە دژی هەرێم بەدوادادێت.

ئاوێنە: دکتۆر فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ترس هەیە لە بڕیاری تری عێراق لە دژی هەرێمی کوردستان، چونکە پلانی سەرەکی عێراق بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە، جا پلانەکان لە ڕێگەی برسیکردنی خەڵکەوە جێبەجێ دەکرێن یاخود لە ڕێگەی دروستکردنی کێشەی ئابورییەوە بۆ هەرێم."

هەروەها وتیشی، "حکومەتی هەرێم بە نیازە بەیاننامەیەک دەربکات لەسەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و نیگەرانی خۆی دەرببڕێت، بەڵام تازە بڕیارەکە دەرچوە و بوەتە ئەمری واقیع و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت."

ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دو سکاڵای یەکلایی کردەوە، کە یەکێک لە سکاڵاکان پەیوەندیداربو بە شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم لە سەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتوی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکرابون.

دادگای فیدراڵی عێراق سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەند کرد بە چەندین بڕیاری دارایی کە گرنگترینیان بریتی بون لە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێم بە عێراق و پابەندکردنی عێراق بە دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم.

وەزارەتی دارایی عێراق دوای بڕیارەکە وتی، پارەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی هەژماری بانکیی حکومەتی فیدڕاڵی دابیندەکات، بەڵام حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەم هەنگاوە نییە و پێیوایە لێدانە لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم.

دکتۆر فازڵ نەبی وتی"شیکردنەوە بۆ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی گوایە بە بێ هەژماری بانکی و کارتی زیرەک موچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم خەرج ناکرێت هەڵەیە، بنەمای سەرەکی بڕیارەکەی دادگا خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانە، کردنەوەی هەژماری بانکی میکانیزمە و بە مانگێک جێبەجێ ناکرێت."

وتیشی"وڵاتێکی پێشکەوتوی وەکو ئەمەریکاش ناتوانێت بە مانگێک هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار کەس بکاتەوە، بەتایبەت جگە لە بانکی تی بی ئای هیچ بانکێکی تری حکومی لقی لە هەرێمی کوردستان نییە."

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق بە پێویستی دەزانێت هەرێمی کوردستان وەفدێکی باڵا ڕەوانەی بەغدا بکات و ئەو پەیامە بگەیەنن: "گەر خۆیان (بەغدا) دەتوانن لە مانگێکدا هەژماری بانکی بۆ یەک ملیۆن و 200 هەزار موچەخۆر بکەنەوە با بیکەن، چونکە ئەمە بە عێراقیش ناکرێت."

ئەوەشی خستەڕو"بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاتی تێدا دیاری نەکراوە، کەواتە دەبێت عێراق وەکو پێشوتر مانگانە 618 ملیار دینارەکە بداتە هەرێم، تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران دەکرێتەوە."

ئەوەشی وت"گەر بە لۆژیک کاربکرێت کێشە دروست نابێت. لە ماوەی مانگێکدا ناتوانرێت هەژماری بانکی بۆ تەواوی موچەخۆران بکرێتەوە، دەبێت حکومەتی هەرێم و بەغدا ڕێکبکەون تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران دادەنرێت بەغدا پارە بنێرێت."

ئاماژەی بەوەشدا "وەزیری دارایی ناتوانێت پارە بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێم نەنێرێت، چونکە بڕیاری دادگای فیدراڵی یەکلاکەرەوەیە و دەبێت پابەندی بێت، بەڵام مەسەلەکە پێویستی بەجوڵەیەک هەیە لە هەرێمەوە تا ببرێتە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و بڕیاری لەبارەوە بدرێت."

دەوترێت حکومەتی عێراق ئامادە نییە موچەی یەک ملیۆن و 200 هەزار موچەخۆری هەرێم خەرج بکات، بەڵکو تەنها ئامادەیی بۆ خەرجکردنی موچەی 618 هەزار موچەخۆر دەربڕیوە. بەڵام دکتۆر فازڵ نەبی ئەمە ڕەتدەکاتەوە.

دکتۆر فازڵ نەبی جەختیکردەوە، "موچەی موچەخۆرانی هەرێم 920 ملیار دیناری دەوێت، موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بودجەی عێراق مانگانە 775 ملیار دینارە، لە خانەنیشین و چاودێری کۆمەڵایەتیش 96 ملیار دینارە، ئەمە دەکاتە 870 ملیاردینار، وە لەگەڵ بودجەی پێشمەرگە پارەکە دەگاتە 900 ملیار دینار و کێشەی موچە دروست نابێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×