پارێزگای هەولێر زیانەكانی سوتانی بازاڕی لەنگە بڵاودەكاتەوە
  2024-02-28       461       

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، لە ئاگرەكەی شەوی رابردوی بازاڕی لەنگەدا، (166) دوکانی بازاڕەکە سوتان، بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە (24) کەس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەو دوای چارەسەر ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە. دەشڵێت، لیژنەیەك پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەكە.

ئاوێنە: پارێزگای هەولێر، ئەمشەو چوارشەممە، لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی ئاگرەكەی شەوی رابردوی بازاڕی لەنگە، وتی"بەهۆیەوە لەکۆی (2400) دوکان (166) دوکانی بازاڕەکە سوتان و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکەو هاوڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕوداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانەو چارەسەری پێویستیان بۆ کراو ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەترو کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبو...لە ڕودانی ئەو کارەساتە لە شارەکەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوەو بەدواداچون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەرو زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×