سۆران عومەر: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زۆر نهێنی و ڕاستی ئاشکرا کردوە
  2024-02-28       734       

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی زۆر نهێنی و راستی ئاشكراكردوەو "لەهەمو بڕیارەکەدا حکومەتی هەرێم بە وشەیەکیش نەیتوانیوە وەڵامی ئەوە بداتەوە کە بۆچی پابەند نەبوە بە پێدانی زانیاری و بەڵگەی داهات و خەرجی و وەڵامی تێبینییەکانی چاودێری دارایی لەسەر لیستی موچە نەداوەتەوە."

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەمشەو چوارشەممە، لە نوسینێك لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك باسی بەشێك لەو نهێنی و راستییانەی نێو بڕیارەكەی كردوەو وتوشیەتی"وەزارەتی دارایی فیدراڵ و چاودێری داراییش سەلماندویانە هەرێم پابەند نییەو داوایان لەدادگا کردوە ئەوان بەرپرسیار نین لە پێدانی راسەوخۆی موچەی هەرێم. بەڵام دادگای فیدراڵی ئەوە ڕەتدەکاتەوەو پێدانی موچە جیادەکاتەوە لە پابەند نەبونی هەرێم و کێشەی سیاسی و بڕیار دەدات بەپێدانی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بە جێگیرکردنی لەبانکە حکومییە فیدراڵییەکانەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەناوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیدا زۆر بابەتی گرنگی تێدایە لەسەر پابەند بون و پابەند نەبونی هەرێم و لیستی موچەو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەگوێرەی بڕیارەكە "نوێنەری دیوانی چاودێری دارایی عێراق لەسەر بەجێهێنانی ئەو ئەرکانە کە لەیاسای بودجەدا لەسەری دانراوە وتەو بەڵگەی خۆی پێشکەش کردوە، تێیدا هاتوە: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەڵگەو زانیاری هەناردەی نەوتی لەتەواوی کێڵگەکانەوە نەداوە پێیان تاکو وردبینی بکرێ و پەسەندی بکەن. چاودێری دارایی عێراق وردبینیان لە لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و سودمەندانی تۆڕی کۆمەڵایەتی کردوەو دو ڕاپۆرتیان داوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەچەندین نوسراو تێبینییان لەسەر لیستەکە داوە بە حکومەتی هەرێم بەڵام وەڵامیان نەداوەتەوە داوای زانیاری زیاتریان کردوە."

وەك سۆران عومەر باسی كردوە، ئەوەش خراوەتەڕو كە چاودێری دارایی عێراق "لەسەر پاکتاوی 2004 تاکو 2022 داوای بەڵگەو تۆمارو داتایان لەحکومەتی هەرێم کردوە بە سێ نوسراوی فەرمی بەڵام وەڵامیان نەداونەتەوە.

هەروەها دیوانی چاودێری دارایی عێراق "لەسەر میزانی موراجەعەی شەش مانگی کۆتایی ساڵی 2023 دوای ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەشی هەردو حکومەت پێکدەهێنرێ داوای خشتەکان و شیکردنەوەی داهات و خەرجییەکانی سێ مانگی کۆتایی 2023 دەکەن بەڵام حکومەتی هەرێم وەڵام ناداتەوە." سۆران عومەر وتویەتی، "ئەمە ئەو سێ مانگەیە کە موچە نەدراوە."

سۆران عومەر وتوشیەتی، ئاماژە بەوەشكراوە كە "وەزارەتی دارایی عێراق دو حساب بانکی بە دینارو دۆلار بۆ هەرێم کردۆتەوە لەبانکی ناوەندی تاکو داهاتی نەوتی و نانەوتی تێدا دابنرێ و وردبینی بکرێت، بەڵام هیچ بڕە پارەیەکی تێدا دانەنراوە."

سۆران عومەر هێمای بۆ ئەوەش كردوە، لە 11/2/2024 پارێزەری حکومەتی عێراق توندترین یاداشت دەدات بە دادگای فیدراڵی تاکو قەناعەت بە دادگای فیدراڵی بکات و موچە بەجیا لەپشکی هەرێم نەدات، چەندین مادەو بڕگەی یاسایی ئاماژەپێکردوە کە هەرێم پابەندی خۆی جێبەجێ نەکردوە، بەکورتی دەڵێت، حکومەتی عێراق بەرپرسیار نییە لەپێدانی موچە بەخەڵکی کوردستان بەسەربەخۆیی و جیا لە پشکی هەرێم، بۆ ئەمەش پشتی بەمادەی 121 بڕگەی دوەمی دەستور بەستوە.

دادگای فیدراڵی وەك سۆران عومەر باسی كردوە ئەو پاساوانەی حكومەتی عێراقی رەتكردونەتەوەو لە بڕیارەكەیدا نوسیویەتی: لەسەر دەسەڵاتە فیدراڵییەکان پێویستە زەمانەتی دادگەری لە دابەشکردنی داهاتەکان بکەن بۆ هەرێم و پارێزگاکان، دابەشکردنی سامانی وڵات پێویستە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە مرۆڤبونی تاک بێت، بەو مانایەی پێویستە هەمو ئینسانێک پێداویستییە بنەڕەتییەکانی دابین بکرێت لەچوارچێوەی ڕێزگرتن لەکەرامەتی و ئینسانبونی، بێبەش کردن و برسیکردن بنەمای هەستکردنە بەستەم و چەوساندنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×