مەسعود بارزانی: پابەندبون بە دەستور تاكە رێگەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدایە
  2024-02-29       232       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەرمینیا رایگەیاند، پابەندبون بە دەستور تاكەڕێگەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدایە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024 لە سەڵاحەددین مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوازی لە ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆكی ئەرمینیا كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بە "پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی ئەرمینیا دا و سوپاسی سەرۆك و وڵاتی ئەرمینیاشی كرد بۆ ڕێزگرتن لە مافەكانی كوردانی نیشتەجێیی وڵاتی ئەرمینیا."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە"هەردولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بون كە ئاشتی تاكە ڕێگەی چارەسەركردنی گرفتەكانی گەلانی ناوچەكە و نەوەكانی داهاووە."

بارەگای بارزانی وتوشیەتی، لەبەشێكی تری ئەو دیدارەدا جەخت لە قوڵكردنی پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئەرمینیا كرایەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بو و مەسعود بارزانی ئەوەی دوپات كردەوە كە "پابەندبون بە دەستور تاكە ڕێگەی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدڕاڵە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×