قوباد تاڵەبانی: هەمو هەوڵێك دەدەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر
  2024-02-29       181       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ سەرۆكی ئەرمینیا رایگەیاند، هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ڤاهگن خاچاتوریان، سەرۆکی ئەرمینیا کۆبوەوە و باسی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان هەردولا لە بوارە جیاوازەکان و چەند پرسێکی دیکەش تاوتوێ کران.

لە کۆبونەوەکەدا كە تیایدا هەریەکە لە ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و دارا رەشید، وەزیری پلاندانان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ئامادەیبون، "هەردولا بە گرنگییەوە باسیان لە پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەرمینیا کرد و جەختیان کردەوە لەسەر پتەوکردن و زیاتر بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە لە بوارە جیاوازەکاندا، بە تایبەتیش لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، بازرگانی و وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، تەندروستی و خوێندنی باڵادا. لەمبارەیەوە گفتوگۆ لەسەر میکانیزم و ڕێوشوێنەکانی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا و سودوەرگرتن لە ئەزمونی ئەرمینیا کرا."

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە بە گشتی کرا، "هەردولا هاوڕابون کە ناسەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هیچ گەلێکدا نییەو پێویستە هەمو لایەنەکان بۆ رێگریکردن لە قوڵبونەوەی ناکۆکییەکان، سیاسەتی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەی ئاشتییانە بگرنەبەر."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بون. جێگری سەرۆک وەزیران لەوبارەیەوە وتی، "هەمو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەپێی دەستور، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەمو گەلانی عێراقدا بێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×