رونكردنەوەی عەشیرەتی تیلەكۆ لەبارەی هەواڵی تێكدانی دیوەخانی سەرۆك عەشیرەتەكەیان لە كەلار
  2024-02-29       727       

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی ئەوەی كە دیوەخانی سەرۆكی عەشیرەتی تیلەكۆییەكان لە كەلار تێكدەدرێت، عەشیرەتی تیلەكۆ هەواڵەكە رەتدەكاتەوەو سەرۆك عەشیرەتەكەیشیان دەڵێت، هیچ بڕیارێکی وا نەهاتوە نە لە سەرۆکی یەکێتییەوە، نە لە دادگاوە، تاپۆی شوێنەكە بەناوی خۆمەوەیە، نازانم ئەم قسانە لەسەر چ بنەمایەک دەکرێن.

ئاوێنە: لە ئێوارەی ئەمڕۆوە دەنگۆی ئەوەبڵاوكرایەوە کە گوایە بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، باخێکی فەرهاد رەفعەت، کە سەرۆکی عەشرەتی تیلەکۆیە و کردویەتی بە دیوەخانی عەشیرەتەکەیان لە كەلار تێکدەدرێت.

 لەوبارەوە فەرهاد رەفعەت، ئەمشەو پێنجشەممە، بە رادیۆی دەنگی راگەیاند: ئەمە دیوەخانی هەمو گەرمیانە، هی هەمو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، بارەگایەکیشە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ئەو حیزبە، تەنها هی تیلەکۆ نییە.

 وتیشی: من ئەفسەرێکی عێراقم و کادری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانم، هەر بڕیارێک هەبێت خۆم پێش هەموی جێبەجێی دەکەم.

 ئەو وتیشی: هیچ بڕیارێکی وا نەهاتوە نە لە سەرۆکی یەکێتیەوە، نە لە دادگاوە، تاپۆکەی بەناوی خۆمەوەیە، نازانم ئەم قسانە لەسەر چ بنەمایەک دەکرێت.

 ئەوەی ناونراوە دیوەخانی عەشیرەتی تیلەکۆییەکان، لەبنەڕەتدا چەند باخێکن نزیک بە بینای مەڵبەندی گەرمیانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەلار.

 رادیۆی دەنگ بڵاویشیكردۆتەوە، كە بەپێی زانیارییەکان، ئەو باخانە "بە نایاسایی زانراون" و دۆسیەکەیان پێش چەند ساڵێک دراوە بەدادگا، بەوتەی سەرچاوەیەکیش، "دادگا ئێستا بڕیاری تێکدانی داون." بەڵام فەرهاد رەفعەت رەتیکردەوە هیچ بڕیارێکیان لەوبارەوە پێ گەیشتبێت.

هاوكات عەشیرەتی تیلەكۆ لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند، "چەند پەیج و لاپەڕەی ساختەی سۆشیال میدیای بێ ئەرزش و نەناسراو بێ هیچ هۆکارێک کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەو نادروست لەسەر دیوەخانی جەنابی کاک (فەرهاد رەفعەت) سەرۆک عەشرەتی تیلەکۆ، وەک ئەوەی هەنگیان لەکلۆری داردا دۆزیبێتەوە کە گومانمان نییە دەستێکی ڕەش لەگەرمیان و گەرمەسێردا لەهەوڵی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێکدانی یەکڕیزیی سەرۆک هۆزو کەسایەتییەکاندایەو جەنابی کاک (فەرهاد)یان بەئامانج گرتوە کە ئەمەش ڕونە بۆچی پیاوە مەزنەکان لەدەسپێکی ئەم بە ئامانجگرتنەدان!"

عەشیرەتەكە جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان وەك عەشرەتی تیلەکۆ "هەمیشە لەهەوڵی بەرقەرارکردنی یاسادان و خۆیان بەپارێزەری یاسا دەزانن و پاراستنی سەروەریی یاسا بەپاراستنی خاک و نیشتمان دەزانن و دیوەخانی تیلەکۆش بنکەی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوە."

عەشیرەتی تیلەكۆ وتوشیەتی"سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوەو ئەو هەواڵانەش بەدرۆ دەخەینەوەو دورن لەڕاستییەوەو ئەو کەسانەش کە کات بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرەهەواڵانەوە دەکوژن خۆیان دەزانن کوێیان دێشێت و کەسانێکی نزم ئاست و بەتاڵن لەهەمو نەریتێکی کۆمەڵایەتی."

دەقی رونكردنەوەكە:

رونکردنەوەیەک لەڕاگەیاندنی عەشرەتی تیلەکۆوە

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان...

خزمان و دۆستان و کەسوکارانی ئازیز...

چەند پەیج و لاپەڕەی ساختەی سۆشیال میدیای بێ ئەرزش و نەناسراو بێ هیچ هۆکارێک کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختەو نادروست لەسەر دیوەخانی جەنابی کاک (فەرهاد رەفعەت) سەرۆک عەشرەتی تیلەکۆ، وەک ئەوەی هەنگیان لەکلۆری داردا دۆزیبێتەوە کە گومانمان نییە دەستێکی ڕەش لەگەرمیان و گەرمەسێردا لەهەوڵی تێکدانی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و تێکدانی یەکڕیزیی سەرۆک هۆزو کەسایەتییەکاندایەو جەنابی کاک (فەرهاد)یان بەئامانج گرتوە کە ئەمەش ڕونە بۆچی پیاوە مەزنەکان لەدەسپێکی ئەم بە ئامانجگرتنەدان!!!

هەربۆیە زوربەتان دەزانن جەنابی کاک فەرهاد جگەلەوەی کە خۆی بەدەیان جار لەلێواری مەرگ گەڕاوەتەوەو برینداربوە، برایەکیشی گیانی بەختکردوە لەشەڕی تیرورستانی داعشدا...  وەك عەشرەتی تیلەکۆ هەمیشە لەهەوڵی بەرقەرارکردنی یاساداین و خۆمان بەپارێزەری یاسا دەزانین و پاراستنی سەروەریی یاسا بەپاراستنی خاک و نیشتمان دەزانین و دیوەخانی تیلەکۆش بنکەی بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوە و سەرجەم ئەو پڕوپاگەندانە ڕەتدەکەینەوەو ئەو هەواڵانەش بەدرۆ دەخەینەوەو دورن لەڕاستییەوەو ئەو کەسانەش کە کات بە بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرەهەواڵانەوە دەکوژن خۆیان دەزانن کوێیان دێشێت و کەسانێکی نزم ئاست و بەتاڵن لەهەمو نەریتێکی کۆمەڵایەتی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×