سەرۆكی ئەو رێكخراوەی سكاڵای دژبە بەرپرسانی باڵای هەرێم لە ئەمریكا تۆماركردوە زانیاری دەخاتەڕو
  2024-03-01       822       
ستیڤن مارک ستودێرت، سەرۆکی سندوقی قوربانیانی کوردستان

ستیڤن مارک ستودێرت، سەرۆکی سندوقی قوربانیانی کوردستان زانیاری لەبارەی ئەو سكاڵایە دەخاتەڕو كە لە ئەمریكا دژی بەرپرسانی باڵای هەرێم تۆماریان كردوە كە لەنێویاندا مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم هەن. ئەو دەڵێت، قوربانییەكان بێهوابون لە قەرەبوكردنەوەیان لە دادگاكانی كوردستان، چونكە دادگاكان لەوێ گەندەڵ بون.

ئاوێنە: سندوقی قوربانیانی کوردستان، لە 30ی مانگی یەک دۆسیەیەکی لە واشنتن لە دژی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کەسی دیکەی بنەماڵەی بارزانی و بەرپرسانی باڵای هەرێم تۆمار کرد.

فایلی کەیسەکە لە 332 لاپەڕە پێکهاتوە تیایدا سکاڵاکاران ژمارەیەکی پێشومار تۆمەتیان ئاڕاستەی تۆمەتباران کردوە، لەوانە بەرپرسیارێتی لە کۆمەڵکوژی ئیزدییەکان بە دەستی داعش، هاوکاریکردنی ڕێکخراوە تێرۆرستییەکان، کوشتن و ئەشکەنجەدانی خەڵکی بە کەسانی ئەمەریکایشەوە، ڕفاندنی خەڵکی و بێسەروشوێنکردنیان، سەپاندنی سزای توندی نامرۆڤانەو ناپیشەییانە، سپیکردنەوەی پارە و فرتوفێڵکردن بە ئامانجی خۆدزینەوە لە پێدانی باج بە حکومەتی ئەمەریکا، بە هەدەردانی پارە و کۆمەکەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان، قاچاخچێتی بە ماددە هۆشبەرکان، بازرگانیکردن بە چەک، تەزویرکردن، فرۆشتنی دەرمان و مەی و جگەر بە ناوی ئەوەی براند و مارکەی ئەمەریکی، کاری نایاسایی وەکو درۆکردن لە سوێندخواردنی فەرمی و کۆسپ دروستکردن لە بەردەم کارەکانی دادگا و بردنی داتا و زانیاری لە کۆمپیوتەر، فرتوفێڵکردن لە پرسی کۆچکردن، سەرکوتکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری، لە ڕێگەی کوشتن و ئەشکەنجەدان و زیندانیکردن و هەراسانکردن و شکاندنی ئامێر و کەلوپەلی ڕۆژنامەوانان.

ستیڤن مارک ستودێرت، سەرۆکی سندوقی قوربانیانی کوردستان، لەبارەی كەیسەكەوە لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا قسەی بۆ دەنگی ئەمریكا كردوە.

ستودێرت کە پێشتر لە کۆشکی سپی وەک ڕاوێژکار لە سەردەمی جیراڵد فۆرد و ڕۆناڵد ڕیگان و جۆرج ئێچ دبلیو بوش کاری کردووە لە ئیدارەكانی کلینتن و جۆرج بوش و ترەمپدا ڕۆڵی تایبەتی هەبوە.

ئەو بە دەنگی ئەمریكا وتوە، گەلی کوردی خۆشدەوێت، ڕۆحی کوردایەتی و بەهاکان و ئامانجەکانی ئەوان بەرز دەنرخێنێت، وتوشیەتی، کاتێکیش کورد لە ئازاردا دەبن، ئەویش لەگەڵیاندا ئازار دەچێژێت.

ئەوەشی خستۆتەڕو، هەندێك لەو كوردانەی زیانیان بەركەوتوە پەیوەندییان پێوە كردم كە بێهوابون لەوەی لە دادگاكانی كوردستان بتوانرێت قەرەبو بكرێنەوە، چونكە وەك دەزانن دادگاكانی ئەوێ گەندەڵ بون.

وتوشیەتی، یەكێك لەوانە هاوڕێمە كە باوكی لە تیرۆرێكی سیاسیدا كوژراوە، داوای لە من كرد كە ئایا دەتوانن لە دادگاكانی ئەمریكا هاوكارییان بكەم...من وتم، بەڵێ. بۆیە دەستم كرد بە پەیوەندیكردن لەگەڵ ئۆفیسی ژمارەیەك لە پارێزەران كە ئەزمونیان لە كاروباری نێودەوڵەتی و تاوانكارییە نێودەوڵەتییەكاندا هەیە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، لەماوەی دو ساڵی رابردودا خەریكی رێكخستن و پۆلێنكردنی كەیسە تاوانكارییەكان بوین. كەیسەكە كە لە 327 لاپەڕە پێكدێت لەم رۆژانەی دواییدا لەلایەن رێكخراوی سندوقی قوربانیانی كوردستان و قوربانییەكانی دیكەوە لە دادگای فیدراڵ لە واشنتۆن سكاڵاكە تۆماركرا.

بەپێی قسەی خۆی، لە سکاڵاکەیاندا داوای بڕی 9 ملیار دۆلار قەرەبو کراوە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی ئەشکەنجەی تۆمەتباران زیانیان بەرکەوتوە، ئەگەر دۆسیەکە لە بەرژەوەندی ئەوان یەکلایی بکرێتەوە ئەوا هەمو پارەکە بۆ قوربانییەکان خەرج دەکرێت.

لەسەر ئەم دۆسیەیە دادگای فیدراڵی لە واشنتن بە فەرمی حکومەتی هەرێمی ئاگادارکردەوە کە دەبێت لە ماوەی 21 ڕۆژدا وەڵامی دادگا بداتەوە لەسەر ئەو سکاڵا یاسایـیانەی لە کەیسی ژمارە 1:24-cv-00278 ئاماژەیان پێکراوە، ئەگەر نا دادگا بڕیار لە دژی تۆمەتباران دەدات.

تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێم بەڕەسمی هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو دۆسیەیەوە رانەگەیاندوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×