وەزیرى بازرگانى: 20 ملیار دیناری دیکەى پارەی گەنمی جوتیاران رەوانەی هەرێم دەكرێت
  2019-09-01       1375       

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم رایگەیاند؛ بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتودا (20) ملیار دیناری دیکەى پارەی گەنمی جوتیاران رەوانەی هەرێم بکرێت ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەی جوتیاران سەردانی بەغدا دەکەن.

ئاوێنە: کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم بە میدیای رەسمی گۆڕانی راگەیاند؛ لەماوەی رابردودا بە چەند وەجبەیەک پارەی گەنمی ئەمساڵى جوتیاران لە لایەن بەغداوە رەوانەى هەرێم کراوە، جارێک (15) ملیار دینار و لە چەند رۆژى رابردوشدا (30) ملیار دینار بۆ جوتیارانى پارێزگاکانى هەرێم رەوانە کراوە، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتودا بڕی (20) ملیار دیناری دیکە بگاتە هەرێمى کوردستان.

وتیشی"لەسەر پرسی شایستە داراییەکانى چەند ساڵى رابردوى گەنمی جوتیارانى هەرێم بە بەردەوامی لە پەیوەندیداین لەگەڵ بەغدا و لەماوەی رابردوشدا نوسراوی فەرمیمان ئاڕاستەی وەزارەتی بازرگانی کردوە سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵەکانی (2014 و 2015 و 2016) کە کۆی گشتی (557) ملیار دینارەو لە ئایندەیەکی زۆر نزیکیشدا سەردانی بەغدا دەکەین بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە."

هەروەک ئاماژەی بەوە كرد کە لە پلانی حکومەتدایە لەچوارچێوەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەغدا، پرسی گەنمی جوتیاران و شایستە داراییەکانیان یەکلایی بکاتەوە، "ئەوەش پێویستی بە هەوڵی هەمو لایەک هەیە."

سەبارەت بە پلانی چوار ساڵی ئایندەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، کەمال موسلیم وتی"پلانی چوار ساڵی وەزارەتەکەمان لە تەواوبوندایەو لە ئایندەیەکی نزیکدا رەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەکەین بە مەبەستی پەسەندکردنی و بەرەو پێشبردنى هەردو کەرتى بازرگانى و پیشەسازى لە چوارچێوەى کارنامەى حکومەتدا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×