بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە هەبو دەبوە مایەی لەكەداركردنی ئەزمونی هەرێم
  2024-03-06       379       

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، یەكێتی پێداگری لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی بێگەردەكات لەو وادەیەی كە دیاریكراوەو دەشڵێت، "هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە هەبو زیاتر دەبوە مایەی لەكەداركردنی ئەزمونی هەرێم نەك بەهێزتركردنی."

ئاوێنە: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بافڵ تاڵەبانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر پێشوازی لە ڤیكتۆریا تەیلەر، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا کرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دیدارێکدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەكێتی و مارك سترۆ، كونسوڵی گشتیی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بون، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابوری و ئەمنییەکانی هەرێم، عیراق، ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەكان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا دوپاتكرایەوە.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لەدرێژەی دیدارەكەدا رۆڵ و ئەركی داهاتوی هێزەكانی هاوپەیمانان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆرو هاریكارییەكانیان بۆ هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق تاوتوێكراو لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، "دەبێت مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ واقیع و پێویستییەكانی ئەمڕۆی ناوچەكە بگونجێت و ببێتە مایەی سەقامگیریی ناوچەكە، بۆ ئەمەش پشتیوانیی لە گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی عیراق و هاوپەیمانان دەكەین بۆ گەیشتن بە لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش كە خزمەت بە ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە بكات."

پرسی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكە بوە و بیروڕای لەبارەوە ئاڵوگۆڕكراوە، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی وتویەتی"یەكێتی پێداگری لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی بێگەرد دەكات لەو وادەیەی دیاریكراوە، هەوڵەكانیشمان بۆ ئەوەبو تاوەكو سیستمێك پەیڕەو بكرێت كە گوزارشت لە هەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمەكەمان بكات و ببێتە مایەی بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسی."

سەرۆكی یەكێتی جەختی كردۆتەوە"هەڵبژاردن بەو شێوەیەی كە هەبو زیاتر دەبوە مایەی لەكەداركردنی ئەزمونی هەرێم نەك بەهێزتركردنی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×