بافڵ تاڵه‌بانی له‌ رۆژی جیهانیی ژنان:دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە
  2024-03-08       220       


سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی جیهانیی ژنان لە سەرجەم ژنانی كورد ده‌كات و ده‌ڵێت: "بەڵێنمان داوە و جارێكیتر دووپاتی دەكەینەوە، دەستبردن بۆ ماف و ئازادییەكانی ژنان هێڵی سوورە و رێگەنادەین بە هیچ بیانوویەك و لەژێر هیچ ناوێكدا مافەكانیان زەوت بكرێت".

له‌ په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ له‌ لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبوك بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان ده‌ڵێت: "لە قووڵایی دڵمانەوە سڵاوی خۆشەویستی و وەفاداری بۆ دایكانی شەهیدان دەنێرین و سوپاسی لەخۆبوردوویی و خۆڕاگرییان دەكەین."

سه‌رۆكی یه‌كێتی باسی له‌ مێژووی ژنانی كوردستان كردوه‌و وتویه‌تی ئه‌و مێژووه‌ "لە خەبات و شۆڕشە جیاوازەكانی گەلی كورددا هێندە زێڕین و درەوشاوەیە، كە بۆ هەمیشە بە پێزانین و قەرزاربارییەوە لەئاست گەورەیی و خۆڕاگرییاندا سەری رێزمان دادەنەوێنین و بەشانازییەوە یادیان دەكەینەوە."

بافڵ تاڵه‌بانی ژنانی كورد به‌ "ئازا و رەچەشكێن" لە خەبات بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادی وه‌سفده‌كات و ده‌ڵێت كه‌ ژنانی كورد قوربانیی زۆریان بەخشیووە لەپێناو یەكسانیی كۆمەڵایەتی و وەستانەوە دژی جیاكاریی رەگەزی، ئێستاش بە خۆشحاڵییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەگێڕن و بەشداریی فراوانیان هەیە لە ناوەندەكانی بڕیاردا.

سه‌رۆكی یه‌كێتی ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه‌ كه‌ حزبه‌كه‌ی هه‌میشه‌ پاڵپشت و پشتیوانی ژنان بووە و شانازیشی پێوەدەكات، لە رابردوودا چۆن پارێزەر و بەدیهێنەری مافەكانیان بووە، لەداهاتووشدا زیاتر جەختیلێدەكەینەوە و دەرگای حزب و ئۆرگانەكانمان بەڕوویاندا دەكەینەوە تاوەكو رۆڵی خۆیان بگێڕن و بەشداریی چالاكانەیان لە بوارە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا هەبێت.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×