وەزیری نەوتی عێراق: تا ئیستا سۆمۆ یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرنەگرتوە
  2024-03-09       388       

بەپێی قسەی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق و لەوەڵامی چەند پرسیارێكیاندا، وەزیری نەوت رایگەیاندوە، تا ئیستا سۆمۆ یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرنەگرتوەو هەندێک لەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن لەبارەی كێشەكانەوە دەیانەوێت بەرەو تەحکیمی نێودەوڵەتی بڕۆن و ئەوەش کێشەی هەرێمە.

ئاوێنە: ئاریان تاوگۆزی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ شەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق وتی"هیچ زانیارییەکمان سەبارەت بە بەهەرمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نییەو تا ئیستا سۆمۆ یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێم وەرنەگرتوە."

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارە، وەزیری نەوت وتوشیەتی"ئەو کێشانەی کە لە نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند هەن سەبارەت بە نەوت لەسەر تێچوی دەرهێنانی نەوتە، لە عێراق نرخی دەرهێنانی هەر بەرمیلێک نەوت لە نێوان ٨ هەزار بۆ ٩ هەزار دیناری عێراقییە و لە هەرێم بڕی ٢٠ دۆلاری بۆ دیاریکراوە، هەروەها لە عێراق بڕی یەک دۆلار و بیست سەنت دانراوە بۆ گواستنەوەی هەر بەرمیلێک، بەڵام لە هەرێم بڕی ٦ دۆلار بۆ گواستنەوەی دانراوە، کە ئەمانەش پێچەوانەی یاسای بودجەی گشین و عێراق ناتوانێت پێیانەوە پابەندبێت."

وەك پەرلەمانتارەكەی نەوەی نوێ باسی كردوە، وەزیری نەوتی عێراق وتوشیەتی"هەندێک لەو کۆمپانیا نەوتیانەی لە هەرێم کاردەکەن دەیانەوێت بەرەو تەحکیمی نێودەوڵەتی بڕۆن و ئەوەش کێشەی هەرێمە."

بەپێی قسەی ئاریان تاوگۆزی، هەر لە كۆبونەوەكەدا جێگری وەزیری نەوتی عێراق وتویەتی"هەرێم ڕێگا بە تیمەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق نادەن سەردانی دامەزراوە نەوتییەکانی هەرێم بکەن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×