"ئاماژەی ڕێککەوتن هەیە بۆ ئیدارەدانی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی خولیی لەنێوان پێکهاتەکاندا"
  2024-03-09       354       

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی عێراق ئاشكرای‌ ده‌كات كه‌ ئاماژەی ڕێککەوتن هەیە بۆ ئیدارەدانی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی خولیی لەنێوان پێکهاتەکاندا.

ئاوێنه‌: لەمیانەی دیدارێکیدا لەگەڵ ئەنجومەنی هۆزە تورکمانەکانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ئاماژەی ڕێککەوتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە بۆ پەسەندکردنی پێشنیازێک کە پارێزگارو سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەشێوەی خولیی لەنێوان سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی پارێزگاکە (کوردو عەرەب‌و تورکمان) ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت. 

به‌بۆچونی‌ ئەرشەد ساڵحی، ئه‌و پێشنیاره‌ گەرەنتی ئەوە دەکات کە چەمکی کاری هاوبەش بەدی بێت‌و کاریگەری “سیاسەتە نالەبارەکانی پێشو” کەمببێەوە.

زیاتر لەدو مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراقدا تێدەپەڕێت‌و لەزۆربەی پارێزگاکاندا پارێزگار هەلبژێردراون، بەڵام هێشتا لەکەرکوک، کوردو عەرەب‌و تورکمان لەسەر هەڵبژاردنی پاریزگار بۆ پارێزگاکەیان رێکنەکەوتون‌و هەر پێکهاتەیەو پۆستی پارێزگار بەمافی خۆی دەزانێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لەپەرلەمانی عێراق باسی لەگرنگی دەستپێشخەرییەکەی محەمەد شیعاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ بەڕێوەبردنی کەرکوک، بەئامانجی بەردەوامبونی دانوستانەکانی نێوان هێزە سیاسییە سەرکەوتووەکان لەپارێزگاکەدا.

تا ئێستا محەمەد شیاع سودانی دو جار له‌گه‌ڵ لایه‌ن براوه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كۆبۆته‌وه‌و "پرەنسیپی تەوافوق"ی بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی لەپارێزگاکە ڕاگەیاندووه‌.

لەسەر ئەو بنەمایەش بەشداربووانی کۆبونەوەکە پێکهێنانی "هاوپەیمانی ئیدارەی کەرکوک"یان ڕاگەیاند کە پێکهاتووە لەسەرجەم هێزە براوەکانی ناو ئەنجومەنی پارێزگا، بەسەرۆکایەتی سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانی‌ عێراق تا ئەو کاتەی ڕێکارە دەستورییەکان جێبەجێدەکرێن بۆ پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی.

ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك لە 16 کورسی پێكهاتووه‌، یەکێتی 5 کورسی بەدەستهێناوە، پارتی 2 کورسی، عەرەب 6 کورسی، تورکمان 2 کورسی‌و کۆتای مەسیحیش یەک کورسی.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×