ئەمڕۆ وڵاتانی ئیسلامی چاودێری بینیی مانگ دەكەن بۆ دیاریكردنی یەكەم ڕۆژی مانگی رەمەزان
  2024-03-10       187       

ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی ئازاری 2024 وڵاتانی ئیسلامی چاودێری بینیی مانگ دەكەن بۆ ئەوەی یەكەم ڕۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاری بكرێت.

ساڵانە لە 29ی مانگی شەعبان لیژنەكانی چاودێری بینیی مانگ لە داوای بانگی مەغریب چاودێری مانگ دەكەن، ئەگەر مانگیان بینی رۆژی دواتر دەكرێتە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان ئەگەریش مانگ نەبینرا رۆژی دواتر تەواوكەری مانگی شەعبان دەبێت.

لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئەمڕۆ كۆدەبێتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی شەرعی بۆ بینینی مانگ لە دیوانی وەقفی سوننی عێراق یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەكات.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی ئەوقافی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە كاتژمێر 5:30 خولەك چاودێری بینینی مانگ دەكەن و یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاری دەكرێت.

ئاماژەیان بەوەشكرد، لیژنەی باڵای بینینی مانگ، بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنە لاوەكیەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی دیاری كردنی یەكەمین ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز چاودێری مانگ دەكەن و لە چەند شوێنێكی جیاوازی هەرێمی كوردستان لە شوێنە بەرزەكان سەیری مانگ دەكرێت وەك بەڵگەی شەرعی بڕیاری لەسەر دیاری كردنی یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەدرێت.

لە هەمان كاتدا هەرێمی كوردستان و بەشی سوننە لە عێراق لەسەر بنەمای بڕیاری وڵاتی سعودیە لەسەر دیاریكردنی یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان بریاردەدن.

لە لایەكی دیكەوە دەستەی بینینی مانگ لە نووسینگەی رێبەری كۆماری باڵای ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، زۆر ئەستەمە ئەمڕۆ یەكشەممە مانگ ببینرێت، بۆیە كۆماری ئیسلامی ئێران بڕیاریداوە رۆژی سێشەممە یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.

عەلی رەزا موحیجی ئەندامی دەستەی بینینی مانگ لە نووسینگەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: رۆژی یەكشەممە بەهۆی كەشوهەواوە بینینی مانگ كارێكی ئەستەم دەبێت و رۆژی دووشەممە خەڵك بە ئاسانی دەتوانن مانگ ببینن، بۆیە رۆژی سێشەممە وەكو یەكەم رۆژی مانگی رەمەزان دەستنیشاندەكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×