وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایدهگهیهنێت، ئامادەکاری بۆ پێدانی بەشە خۆراکی مانگانە لەرێگەی بریکارەکانەوە لەتەواوبوندایەو لەمانگی رەمەزاندا چوار مادەی دیكه بۆ بهشهخۆراك زیاد دهكرێت.
ئاوێنه: محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق لهچاوپێكهوتنێكی تهلهفیزیۆنیدا رایگەیاند، "چوار مادەی خۆراکی لەمانگی رەمەزاندا دەخرێنە سەر کۆی مادە خۆراکییەکانی دیکە. لەهەمانکاتدا ناوەندی بەبازاڕکردنی خۆراک لەبەغداو پارێزگاکانی دیکە دەکرێتەوە کە تێیاندا خۆراک بەنرخی پاڵپشتیکراو دەدرێتە هاوڵاتیان."
بەشە خۆراکی مانگانە لەحەوت مادە پێکدێت کە بریتیین لەئارد، برنج، شەکر، رۆنی شل، دۆشاوی تەماتەو پاقلەمەنییەکان؛ وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت، "سێ مادەی دیکە زیاد دەکرێن کە بریتین لەماکەرۆنی، نیشاستەو ئاردی سفر. هەروەها بۆ ئەو خێزانانەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە، جگە لە 11 مادەی خۆراک، چاو شیرو بڕێکی زیاتریش لەرۆنی شل و شەکریان پێدەدرێت. هاوڵاتی تەنیا 500 دینار بۆ هەر ئەندامێکی خێزان بەبریکاری خۆراک دەدات."
هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە حەوت مادەی خۆراکی وەردەگرن؛ لەپاڵ ئەوەشدا، بەوتەی محەممەد حەنون، "چوار مادەی خۆراکی دیکەشیان لەرەمەزاندا بۆ زیاد دەکرێت. کۆگاکان لەهەولێرو سلێمانی و دهۆک پڕن لەمادە سەرەکییەکانی بەشە خۆراکی مانگانە. سایلۆکانیشیان ئەو بڕە ئاردەیان تێدایە بۆ دابەشکردن بەسەر هاوڵاتیان پێویستە."